بە بەشداریی زیاتر لە 713 هەزار قوتابی، ساڵی نوێی خوێندن لە ڕۆژئاوای كوردستان دەست پێ دەكات.
بڕیارە سبەینێ یەكشەم 13ی ئەیلوول، ساڵی نوێی خوێندن لە ڕۆژئاوای كوردستان دەست پێ بكات و دەرگای قوتابخانەكان بكرێنەوە.
سەمیرە حاجی عەلی هاوسەرۆكی دەستەی پەروەردە و فێركردن لە خۆبەڕێوەبەریی باكور و ڕۆژهەڵاتی سووریا ڕای گەیاند، لە ساڵی نوێی خوێندندا 713 هەزار و 554 قوتابی بەشداریی پرۆسەی خوێندندا دەكەن.
ڕوونیشی كردەوە كە قوتابییەكان بەسەر 3647 خوێندنگەدا دابەش كراون، 35 هەزار و 513 مامۆستاش سەرپەرشتییان دەكەن.
ئەوەشی خستەڕوو، دەستەكەیان تا ئێستە زیاتر لە ملیۆنێك كتێبی نوێی چاپ كردووە، هەوڵ دەدەن زیاتر لە سێ ملیۆنی تریش چاپ بكەن بۆ ئەوەی قوتابییەكان هەر لە ڕۆژانی سەرەتای پرۆسەی خوێندندا، كتێبی نوێ وەربگرن.
سەمیرە حاجی عەلی ڕاشی گەیاند، پرۆگرامەكانی خوێندن بە هەرسێ زمانی كوردی، عەرەبی و سریانی دەخوێنرێن، هەر ناوچەیەك تایبەتمەندیی خۆی لەبەرچاو دەگیرێت.