هەڵمەتی خێزان و ئاشتی و ئارامی دەستی پێ كردووە، بەڕێوەبەری نەهێشتن و بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژیی هەولێر دەڵێت، لە روانگەی هەستكردن بە بەرپرسیاریەتی، ئەو هەڵمەتە راگەیەنراوە.
ئەمڕۆ شەموو 13ـی ئەیلوول، عەقیدی پۆلیس سەفین تاهیر بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتیی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژیی دژی ئافرەتان و خێزانی هەولێر، بە "وشە"ـی راگەیاند، لە ژێر دروشمی (خێزان_ئاشتی_ئارامی) و لە پێناو پاراستنی خێزان، ئەم كەمپەیان راگەیاندووە.
زیاتر گوتی، لە ڕوانگەی هەستكردنمان بە بەرپرسیارێتی بۆ ئەم دۆخەی ئێستەی خێزان، دوای ئەم دۆخە نەخوازراوە داراییەی ئێستە هەرێمی كوردستان تووشی بووە، كاریگەریی كردووەتە سەر سەرجەم سێكتەرەكان و خێزان قوربانی یەكەمی ئەم دۆخەیە كە رامان گەیاندووە.
باسی لەوەش كرد، رۆژ بەرۆژ توندوتیژی و لێكترازانی خێزان لە بەرزبوونەوەدایە، لەگەڵ ئەوەشدا ئەوەی لە میدیا و سۆشیال میدیا بەدی دەكرێت، تەنیا دەربڕینی ناخۆش و نەخوازراون و زیاتر برینەكان قووڵتر دەكەن وەك لەوەی ساڕێژكار بن.
روونی كردەوە، بۆیە ئەوان كەمپەینەدا هەریەكێكیان لە رێگەی كورتە ڤیدیۆیەك یان نووسین، بەشدار دەبین لە بڵاوكردنەوەی پەیامی ئاشتەوایی و ئەرێنی، بۆ ئەوەی بتوانین دۆخێكی دەروونی ئارام بۆ تاكەكانی خێزان بگەڕێنینەوە.