لەبارەی ئەو لێدوانەی تەندروستیی سلێمانی كە گوتوویانە لە هەفتەی داهاتووەوە بەهۆی بێ پارەیی، نەشتەرگەری لە نەخۆشخانە حكوومییەكانی شارەكەدا دەوەستێت، د. باخان ئازاد، پزیشكی گشتی وەڵام دەداتەوە و دەڵێ، هێشتا داهاتی نەخۆشخانەكان بەشی ئەوە دەكات بە ڕێكوپێكی كەرتی تەندروستیی لە سلێمانی پێ بەڕێوە ببردرێ.
ئەمڕۆ شەموو، 13ی ئەیلوولی 2025، د. باخان ئازاد، پزیشكی گشتی كە زۆرترین خزمەتی لە كەرتی تەندروستی لە سلێمانی كردووە، لەماوەی رابردوویشدا چەند دۆسیەیەكی گەندەڵی گەیاندە لایەنە پێوەندیدارەكان، بە "وشە"ی گوت، پێشتر خەڵكی سلێمانی بەخۆڕایی نەشتەرگەریی بۆ نەكراوە، بۆیە نەمانی نەختینەیی بەو جۆرە نییە كە باس دەكرێت، دەكرێت كەم بووبێتەوە، بەڵام نەمان نییە.
ئەو گوتی، ئەوە لە نەخۆشخانەكاندا هەیە پارەی بلیتی نەخۆش هەیە كە لە زۆربەی راوێژكارییەكاندا سێ بۆ چوار هەزار دینارە، لە هەشتی بەیانی تا 12ی شەو نەشتەرگەری بە نیمچەتایبەتە و بەخۆڕایی نییە كە ئەوانە هەموو وەك داهات كۆ دەكرێنەوە.
هەروەها ئاماژە بە پارەی تاقیگەكان دەكات و دەڵێ، هاوشێوەی هەموو بەشەكانی تر داهاتی هەیە، جیا لەوەی نرخی تیشکى سیتی سكان و ئێم ئار ئای، نرخێكی زۆرە و بەردەوامیش نەخۆش پێویستی پێ هەیە.
بەگوێرەی قسەی ئەو پزیشكە، هەندێك بەش هەن لەناو نەخۆشخانە حكوومییەكاندا كە بە نرخی بەرز نەشتەرگەری دەكەن وەك جوانكاریی لووت، ورگ، سمت و سووتاوی، جیا لە نەشتەرگەریی ئێسك، شكاوی و فرۆشتنی پلاتین.
ئەو دەڵێ، جیا لەوەی دەیان بەشی تریش هەن كە داهاتیان هەیە لە چارەسەر و نەشتەرگەری، بۆیە پێویستە ئەو پارەیەی وەك داهات كۆ دەكرێتەوە، بخرێتەوە خزمەتی کارگێڕیی نەخۆشخانەكان و نەخرێتە گیرفانەوە.
هەروەك پێی وایە، ئەوەی چەند بەرپرسێكی تەندروستی بانگەشەی بۆ دەكەن، گوایە نەشتەرگەری رادەگیرێت، بۆ خزمەتی نەخۆشخانەی ئەهلی و كۆمپانیاكانی دەرمانە تا هاوبەشەكانیان سوودمەند بن، "چونكە ماڵی بەرپرسانی تەندروستی و خاوەن كۆمپانیا و پەرلەمانتارانی ئۆپۆزسیۆن لە گەڕەكە راقییەكانی سلێمانی بەتەنیشت یەكەوەن".