لە كوردستان موەلیدە دەكوژێتەوە و لە عێراق رێنوێنی بۆ دانانی موەلیدە بڵاو دەكرێتەوە

:: AM:11:26:14/09/2025 ‌
هەرێمی كوردستان قۆناغی كارەبای موەلیدە تێدەپەڕێنێت و موەلیدەكان كوژاونەتەوە، كەچی لە عێراق رێنوێنی نوێ‌ بۆ موەلیدەكان دەردەكرێت و دەبێت خاوەنەكانیان پێیەوە پابەند بن.

ئەمڕۆ یەكشەم 14ـی ئەیلوول، خۆران خۆرانی سەرۆكی ئەنجوومەنی موەلیدە ئەهلییەكانی هەولێر، بە "وشە"ـی راگەیاند، بەهۆی كارەبای 24 سەعاتی زۆربەی موەلیدەكان كوژێنراونەتەوە.

زیاتر گوتی، بەپێی گرێبەستێك كە لەگەڵ كارەبا كراوە، لە ئەگەری بڕانێك لە كارەبای نیشتمانی، دەبێت موەلیدە پێی بكاتەوە، ئەوەش گرێبەستە كراوە و شەش مانگ جارێك بۆیان نوێ‌ دەكرێتەوە.

هاوكات بەپێی رێنوێنیی نوێ‌ كە بۆ موەلیدەی شارەكانی عێراق دەرچووە، پێویستە تا 10 خولەكی كوژانەوەی كارەبای نیشتمانی موەلیدەكان هەڵبكەن، گازی بەكارهێنراو دەبێت لە پشكنین دەرچووبێت، پاشماوەی رۆنی موەلیدەكان لە دەوربەری موەلیدەكان فڕێ نەدرێت، تا كۆتایی ساڵیش سەرجەم موەلیدەكان بكرێنە بێدەنگ.

لە هەرێمی كوردستاندا زیاتر لە چوار ملیۆن هاووڵاتی كارەبای 24 سەعاتیان هەیە كە لەم پڕۆژەیە سوودمەند بوون؛ هاوكات سێ‌ هەزار و 222  موەلیدەی ئەهلی كوژێنراونەتەوە.

بەپێی ئەو كارەبایەی هەیە، لە هەولێر دوو هەزار و 197 موەلیدە، لە سلێمانی 604 موەلیدە، لە دهۆك  356 موەلیدە و لە هەڵەبجە 65 موەلیدە كوژێنراونەتەوە.

بە كوژانەوەی ئەم موەلیدانە، ساڵانە 600 هەزار تۆن لە دەردانی دوانەئۆكسیدی كاربۆن كەم كراوەتەوە، كە كاریگەرییەكی بەرچاوی لەسەر پاكبوونەوەی ژینگەی هەرێمی كوردستان و سەلامەتی و تەندروستیی هاووڵاتییان دەبێت.


وشە - رامیار جەواد