حكوومەت چاكسازیی كرد.. زیاتر لە ملیۆنێك گوڵ و نەمام خرانە خزمەتی ژینگە

:: PM:03:00:15/09/2025 ‌

یەكێك لەو بوارانەی كە حكوومەتی هەرێمی كوردستان هەوڵی زۆری بۆ داوە، سەوزكردنی كوردستان بووە بۆ ئەوەی ژینگە پاكتر ببێتەوە، جیا لەوەی چەندان رێككاری بۆ پاراستنی ژینگە گرتووەتە بەر. 

ئەمڕۆ دووشەم 15ی ئەیلوول، سەروەر وەیسی بەڕێوەبەری راگەیاندنی ئەندازەی پاركەكان لە هەولێر، بۆ "وشە" گوتی، بەردەوام هەڵمەتی سەوزكردن و دارچاندن لە كوردستان و بەتایبەت لە هەولێر بەڕێوە دەچێت. 

ئاماژەی بۆ ئەوەیش كرد كە رێژەی سەوزایی لە هەولێر، لە ستانداردی نێودەوڵەتی نزیك دەبێتەوە، بۆ نموونە ئێستە 644 پاركی گەورە و بچووك و دوورگە ناوەندییەكان هەن. 

یەكێك لەو هەنگاوانەی كە حكوومەتی هەرێمی كوردستان ناویەتی، لەلایەن ئەندازەی پاركەكانەوە چەندان نەمامگە بەگەڕ خران، لە كاتێكدا پێشتر لە دەرەوە و بە پارەیەكی زۆر گوڵ و نەمام دەهێنرانە كوردستان. 

بەگوێرەی قسەی بەڕێوەبەری راگەیاندن، ئەوە چاكسازییەكی گرنگ بوو كە خەرجیی زۆر گەڕایەوە و رێژەی سەوزاییش زیاد كرا، هەر لەو ڕێگەیەوە تا ئێستە ملیۆنێك و 379 هەزار و 470 جۆر لە نەمام و گوڵ چێنراون.

ئەوەیشی خستە ڕوو كە ئێستە سێ‌ نەمامگە، دار و نەمام بەرهەم دەهێنن كە هەرسێ‌ نەمامگەكە، مانگانە پێویستیان بە بودجەی كڕینی لم و مەركانە و تۆو هەیە.

ئاماژەی بۆ ئەوە كرد، بەهۆی بەرهەمی ئەو نەمامگانەوە تەنیا لەمساڵدا تا 15ی ئاب، 59 هەزار و 576 دار چێنراون و 49 هەزار و 683 گوڵ چێنراون. 

 



وشە - سه‌رخێڵ هاشم