پڕۆژەی شەقامی دووسایدی حاجی ئۆمەران كە بە شێوازێكی پێشكەوتوو و سەردەمییانە جێبەجێ دەكرێت، یەكێك لە پڕۆژە ستراتیجییەكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستانە لە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران. درێژیی پڕۆژەكە دوو كیلۆمەتر و نیوە و پانییەكەی 25 مەترە، لە مانگی داهاتوودا دەكرێتەوە
قیرتاوكردنی جووتسایدی حاجی ئۆمەران دەستی پێ كرد، دوای قیرتاوكردنەكە، هێڵكارییەكانی بۆ دەكرێت و بە تەواوبوونی، لە 15 بۆ 20 رۆژی داهاتوو بە رووی شوفێران دەكرێتەوە.
عەبدولوەهاب مەحموود بەڕێوەبەری شارۆچكەی حاجی ئۆمەران، بە "وشە"ـی راگەیاند، دروستكردنی جووتسایدی حاجی ئۆمەران، شتێكی جوانە و دیمەنێكی نایاب دەداتە شارەدێی حاجی ئۆمەران، هەروەها ڕێگەكە فراوان دەبێت هەم بۆ گەشتیاران و هەم بۆ خەڵكی ناوچەكە، جگە لەوەش ئێرە مەرزێكی نێودەوڵەتییە.
زیاتر گوتی، جووتسایدەكە بەستانداردی جیهانی جێبەجێ دەكرێت و پڕۆژەیەكی ستراتیجیی ئیدارەی سەربەخۆی سۆرانە.
بەپێی پڕۆژەكە دوو چین قیر هەیە، لەبەرئەوەی زەویی ئەو ناوچەیە ڕۆ دەچێت، بەدرێژایی شەقامەكە 50 سانتیمەترمان پرۆفیل كردووە بۆ ئەوەی بەرگریی شەقامەكە زیاتر بێت.
بەڕێوەبەری شارەدێی حاجی ئۆمەران دەڵێت، لە پڕۆژەكەدا ئەوەی جیاوازە، ستوونی كارەبا لەسەر شەقامەكە نامێنێت و هەمووی خراونەتە ژێر زەوی، هەروەها هێڵی ئینتەرنێتیش لە ژێر زەوی گواستراوەتەوە لەگەڵ ئاو.
بە گوتەی عەبدولوەهاب، كاتی تەواوبوونی نزیكە و لە مانگی 10ـی ئەمساڵ دەكرێتەوە.
كابینەی نۆی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، گرنگیی زۆری بە رێگەوبان داوە و چەندان شەقامی گرنگ دروست كراون، ئێستەیش چەند شەقامێكی تر لە دروستكردندان.