هاووڵاتییانی كورد لە ئەوروپا: ڕێگەوبانی كوردستان لە ئاستی ڕێگەوبانی ئەوروپادایە

:: PM:03:22:15/09/2025 ‌
سێكتەری رێگەوبان كە گرنگیی زۆری لای حكوومەتی هەرێمی كوردستان هەبووە، بووەتە جێی سەرنجی كوردانی دەرەوەی وڵات و دەڵێن، ئەوەی ئێستە لە كوردستان دەبینرێ‌، هیچی جیاواز نییە لە وڵاتانی تری ئەوروپی. 

شیلان ئاستەیی چالاكی كوردانی تاراوگە لە بەریتانیا، بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، لە سەردانەكانمان بۆ كوردستان چاومان بە گۆڕانكاریی گەورەی ڕێگەوبان دەكەوێت، زۆر بە ئاسوودەیی شۆفێری دەكەم، سەرمان سوڕ دەمێنێت كاتێك هاتوچۆ دەكەین بە ئۆتۆمبێل، كوردستان هاوشێوەی یان زیاتر لە دەوڵەتان بووەتە خاوەنی شەقامی نێودەوڵەتی.

"من لە بەریتانیا ژیان دەكەم، مانگانە دەبێت بڕێك پارە بدەی بەو ڕێگەیەی بەسەریدا دەڕۆیت، ئەوە جگە لەوەی بیمەی ئۆتۆمبێل هەیە، بەرزەپردە بەناوبانگەكان، بەسەریاندا بڕۆی دەبێت سێ پاوەند و نیو بدەی، هەوەها ڕۆیشتن و هاتن لە بەشێكی تونێلەكان بۆ هەرسەری دەبێت چوار یۆرۆ بدەی، كامێرای چاودێری بەچڕی هەیە، سزای توند دەدرێت پارەیەكی زۆرت بۆ دێتەوە لە كاتی سەرپێچیی هاتوچۆ، پارەی سزاكە لە 14 ڕۆژ نەدەی دەبێتە دووقات، لەگەڵ دابەزینی خاڵی شۆفیری، هەروەها دەبێت ڕۆژێكی تەواو بڕۆیتەوە دەورە لەسەر چۆنیەتیی شۆفێری و پابەندبوون بە یاساكانی ڕێگەوبان"، ئەو كوردەی تاراوگە وای گوت.

ئیبراهیم مایی لە فڕەنسا دەژی و بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، بەراورد لە نێوان ڕێگەوبانی كوردستان و ئەوروپا بكەی، دەتوانین بڵێین لە بەشێك لە وڵاتە ئەوروپییەكان، شەقامە سەرەكییەكانی كوردستان پێشكەوتووترە، شەقامەكانی كوردستان وەك شەقامەكانی پاریس جیاوازی نییە، فڕەنسا 300 ساڵە دەوڵەتە، ئێمە 34 ساڵە و بە دیاریكراویش پاش ڕووخانی ڕژێمی عێراق، لە كوردستان ئاوەدانی دەستی پێ كرد.

زیاتر گوتی، هەموو جار دەگەڕێینەوە بۆ كوردستان، چاومان بە پێشكەوتنێكی نوێ‌ دەكەوێت و دڵخۆش دەبین، حكوومەتی كوردستان بە سەرۆكایەتیی مەسروور بارزانی هەنگاوی گەورەی ئاوەدانكردنەوە ناوە.

هۆڵەندا بە دایكی پێشككەوتنی شەقامەكان دادەنرێت لەسەر ئاستی دەوڵەتانی ئەوروپا، شەقامەكانی كوردستان چۆن دەبینن؟

 فەزیلە شۆڕش هاووڵاتیی كوردی دانیشتووی هۆڵەندا، بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، هۆڵەندا بەناوبانگە لە بوونی باشترین ڕێگەوبانی ئەوروپا، بەڵام ئێستە ڕێگەوبانی كوردستان دەیەوێت بگاتە ئاستی ڕێگەوبانی هۆڵەندا كە ئەوە جێی  شانازییە، سیستمێكی باشی پێشكەوتووی هاتوچۆمان هەیە، پێویستە شۆفێران پابەندی یاساكانی هاتوچۆ بن.

"حكوومەتەكانی ئەوروپا ڕێگەوبان لەو باجە زۆرەی لە هاووڵاتییانی وەردەگرن، بەڵام لە كوردستان حكوومەت لەسەر بودجەی خۆی ڕێگەوبانی نێودەوڵەتی دروست دەكات، ئێستە كوردستان لە بەشێكی ئەوروپا ڕێگەوبانی باشترە، تەنانەت لە ئەوروپا شەقامەكانی ناو كۆڵان و گەڕەكەكان دەبێت مانگانە پارە بدرێت بەشارەوانی بۆ بەردەوامیی خزمەتگوزارییەكان" فەزیلە شۆڕش وا دەڵێ.

لە ماوەی چەند ساڵی رابردوودا مەسروور بارزانی، شۆڕشێكی گەورەی ئاوەدانی دەست پێ كرد، رێگەوبان پشكی شێری لەوەدا بەركەوت و هیچ ناوچەیەكی كوردستان نەما شەقامی فەرشی پێ نەگات. 

هەڵەبجە/ عەزیز هەورامی



وشە - سه‌رخێڵ هاشم