دڵنیاییەك لە سەرۆك بارزانییەوە

:: PM:04:33:15/09/2025 ‌
سەرۆك بارزانی پێشوازی لە ژمارەیەك كەسایەتیی ئاشوریی نیشتەجێی ئەمەریكا بە سەرۆكایەتی سام دەرمۆ سەرۆكی دامەزراوەی ئاشورییەكان لە پێناو دادوەریدا كرد.

لە دیدارەكەدا باس لە پێوەندیی دێرینی نێوان ئاشورییەكان و گەلی كوردستان كرا و سەرۆك بارزانی دڵنیایی دا كە كۆمەڵگەی ئاشوری و تەواوی پێكهاتەكانی تری كوردستان خەڵكی رەسەنی ئەو وڵاتەن و چارەنووسیان بەیەكەوە بەستراوە، هەم لە ڕابردوودا و هەمیش لە داهاتوودا بەیەكەوە و بە ئازادی و سەرفرازی دەژین.

سەرۆك بارزانی دووپاتی كردەوە، تەواوی داو و دەزگاكان لە هەرێمی كوردستان هاوكار و پاڵپشت دەبن بۆ تەواوی ئەو ئاوارانەی كە دەربەردەربوونە و ئێستە لە هەرێمی كوردستان نیشتەجێن و دەبێ هەست بە هەبوون و مانەوە و ئاشتی و سەقامگیری و داهاتووی پڕشنگداری خۆیان بكەن لە هەرێمی كوردستان.

لای خۆیانەوە شاندی میوان خۆشحاڵیی خۆیان بە دیداری سەرۆك بارزانی و پێشكەوتنەكانی هەرێمی كوردستان پێشاندا و ئاماژەیان بەوەدا، كە ئێستە هەست بە خۆشحاڵییەكی زۆر دەكەن كە لە وڵاتی خۆیان و لەنێو كەسوكاری خۆیاندان و خۆیان بە جیا لە خەڵكی هەرێمی كوردستان نازانن.



وشە - سه‌رخێڵ هاشم