سەرۆكایەتیی شارەوانیی هەولێر رای گەیاند، لەگەڵ زانكۆی نۆلج لە هەولێر، یاداشتێكی لێكتێگەیشتنیان واژوو كرد كە بەهۆیەوە لە چەندان بواری جیاجیادا بەیەكەوە كار دەكەن.
شارەوانیی هەولێر رای گەیاند،، ئەمڕۆ سێشەم 16ی ئەیلوول، ئەندازیار كارزان عەبدولهادی سەرۆكی شارەوانیی هەولێر، هاوشان لەگەڵ سەرپەشتیاری هونەری و پلان و سەرۆكی بەشی پلاندانان، لەگەڵ پرۆفیسۆر ئەحمەد ئەنوەر دزەیی سەرۆكی زانكۆی نۆڵج و بەڕێوەبەری پێوەندییەكانی زانكۆكەكە و راگری كۆلیژی ئەندازیاری، كۆبوونەوە و چەند پڕۆژەیەكی خزمەتگوزاری لە شاری هەولێر تاوتوێ كران.
هەروەها هاتووە: سەرۆكی شارەوانیی هەولێر و سەرۆكی زانكۆی نۆڵج، یاداشتنامەی لێكتێگەیشتنی نێوان سەرۆكایەتیی شارەوانیی هەولێر و زانكۆی (نۆڵج)یان واژوو كرد، ئەمەش بە ئامانجی بەرزكردنەوەی ئاستی خزمەتگوزاری و نوێبوونەوەی شار و پشتگیریكردن لە پڕۆژەكان و توێژینەوەی هاوبەش تایبەت، بۆ بەرەوپێشبردنی شار و خزمەتگوزارییەكانی شار، هەروەها پەرەپێدانی تواناكان و كردنەوەی خول بۆ فەرمانبەرانی سەرۆكایەتیی شارەوانیی هەولێر لە بوارە جیاجیاكاندا.
بەگوێرەی راگەیەنراوی شارەوانیی هەولێر، هاوكارییەكان لە بوارەكانی كارگێڕی و ژمێریاری، ئای تی و پڕۆژەكان و یاسایی و چەند بوارێكی تر دەبێت كە بەشێوەیەكی زانستی و ئەكایمی، لەگەڵ هاوبەشبوون لە ئاگاداری و زانیاری بۆ خزمەتگوزارییەكانی پەرەپێدانی بەردەوام .