وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازیی حكوومەتی هەرێمی كوردستان رای دەگەیەنێت، لەگەڵ هاتنی پارەی گەنم، راستەوخۆ دەست دەكرێت بە دابەشكردنی.
ئەمڕۆ سێشەم 16ـی ئەیلوول، لە ڕاگەیەنراوێكی وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی لەبارەی شایستە داراییەكانی جووتیاران بۆ ساڵی 2025، باسی دابەشكردنی پارەی گەنمی جووتیاران دەكات.
ئەو وەزارەتە دەڵێت، بڕیارە لەمنزیكانە بڕە پارەیەك وەك بەشی یەكەمی شایستە داراییەكانی ئەمساڵی جووتیارانی هەرێمی كوردستان، بخرێتە سەر هەژماری وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی.
ئاماژە بەوەش كراوە، بە گەیشتنی ئەو بڕە پارەیە، راستەوخۆ دابەش دەكرێت بەسەر جووتیاران، بەپێی رۆژی ڕادەستكردنی گەنمەكانیان بەسایلۆكانی هەرێمی كوردستان.
بڕیارە لە هەفتەی داهاتوودا بڕی 57 ملیار دینار وەك وەجبەی یەكەمی پارەی گەنمی جووتیاران بگاتە هەرێمی كوردستان، كۆی گشتیی پارەكەش زیاتر لە 310 ملیار دینارە.