راوێژكارێكی سەرۆكی حكوومەت رای دەگەیەنێت، ئەو رێككەوتنەی ئەمجارە دەكرێت بۆ مووچەی مانگی حەوت و تا كۆتایی ساڵە، لەبارەی نەوت و چەند پرسێكی تریش رێككەوتن كراوە.
ئەمڕۆ سێشەم 16ـی ئەیلوول، رێباز حەملان ڕاوێژكاری سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان، لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا ڕای گەیاند، لەسەر مووچە و هەناردەی نەوت ڕێككەوتن كراوە، لەسەر هەناردەكردنەوەی نەوت لە نێوان وەزارەتی نەوت و كۆمپانیا نەوتییەكانی هەرێم و وەزارەتی سامانە سروشتییەكان، ڕێككەوتن كراوە و بەمزووانە هەناردەكردنەوەی نەوتی هەرێم دەست پێ دەكاتەوە.
زیاتر گوتی، لەسەر داهاتی نانەوتی، ئەو پرسە چووەتە ئەنجوومەنی دەوڵەت، ئەوان ئەمڕۆ كۆبوونەوەیەكیان هەبوو تەواویان نەكرد و خستیانە سبەینێ، بەڵام لەوێ راوسەرنجی خۆیان بدەن و بینێرنەوە بۆ ئەنجوومەنی وەزیران، ئەوا ئەنجوومەنی وەزیران بڕیاری خۆی لەبارەیەوە دەدات.
باسی لەوەش كرد، ئەو ڕێككەوتنە بۆ مووچەی مانگی حەوت و مانگەكانی تری ئەمساڵە، بۆیە پێویستە وەزیرە كوردەكان گوشار بكەن چ رۆژی پێنجشەم كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران ئەنجام بدرێت، چ سەرەتای هەفتەی داهاتوو بێت.