وەزیری نەوتی عێراق لەبارەی هاووڵاتییانی سنووری مادەی 140 بڕیارێكی دا

:: AM:10:12:17/09/2025 ‌
وەزیری نەوتی عێراق، رەزامەندیی دا لەسەر پێدانی بڕی 200 لیتر نەوت بە هاووڵاتییانی سنووری مادەی 140 لە رێگەی كارتی ئەلیكترۆنی.

ئەمڕۆ چوارشەم 17ـی ئەیلوول، كاڤین شێخ سەعید ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، بە "وشە"ـی راگەیاند، ڕەزامەندیی جێگری سەرۆكی حكوومەتی عێراق كە وەزیری نەوتە، بۆ دابەشكردنی نەوتی هاووڵاتییان وەرگرت.

دەشڵێت، سەرجەم ئەو خێزانانەی پارێزگای نەینەوا بەوانەی لە ناوچەكانی مادەی 140 و ئاوارە بوون كە لە دوای ڕووخانی ڕژێمی پێشووەوە كارتی نەوتیان نەبووە، دەخرێنە میكانیزمێكی نوێ بۆ بەدەستهێنانی كارتی نەوتی خۆیان.

باسی لەوەش كرد، داواكاری لە ڕێگەی لینكی ئەلیكترۆنییەوە دەكرێت كە بەمزووانە ڕادەگەیەنرێت، هاووڵاتی پڕی دەكاتەوە.

روونی كردەوە، لە قۆناغی یەكەمدا بڕی 200 لیتر نەوتیان بۆ دابین دەكرێت لەبری 100 لیتر كە پێشتر بۆیان دابین دەكرا.

ئەوە لە كاتێكدایە ماوەی چەند ساڵێكە پێدانی كارتی ئەلیكترۆنی نەوت لە سنووری نەینەوا و بەتایبەتی ناوچە كوردستانییەكان راگیرابوو، ئەوەیش كێشەی بۆ هەزاران خێزان دروست كردبوو.



وشە - رامیار جەواد