بە سەرپەرشتیی مەسروور بارزانی سەرۆك وەزیرانی كوردستان، ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان كۆبووەوە.
لە بڕگەی یەكەم، دوا پێشهاتەكانی دۆسیەی هەناردەكردنی نەوتی هەرێم و بابەتی داهاتە نانەوتییەكان و مووچە و شایستە داراییەكانی مووچەخۆرانی هەرێم و تاوتوێكردنی میكانیزم و ڕێكارەكانی جێبەجێكردنی پابەندیی حكوومەتی فیدراڵ و حكوومەتی هەرێمی كوردستان، بەگوێرەی بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیرانی هەردوولا و لەیەكترگەیشتنی هاوبەشی پەسەندكرا لەلایەن هەردوو لاوە.
سەرۆك وەزیران دووپاتی كردەوە كە حكوومەتی هەرێمی كوردستان، هەموو ئەرك و پابەندییە دەستوورییەكانی بە زیادەوە جێبەجێ كردووە و هەموو نەرمییەكی نواندووە بۆ نەهێشتنی هەموو ئەو كێشە و ئاستەنگ و بەربەستانە تەكنیكییانەی كراونەتە بیانوو بۆ نەناردنی مووچە، بۆیە نابێت چیتر ئەم بابەتانە، ببنە ڕێگر لەبەردەم خەرجكردنی مووچەی مووچۆخۆرانی هەرێمی كوردستان كە مافێكی یاسایی و ڕەوای خۆیانە مووچەكانیان لەلایەن حكوومەتی فیدراڵەوە بنێردرێت.
ئینجا ئامانج ڕەحیم سكرتێری ئەنجوومەنی وەزیران، لە دووتوێی ڕاپۆرتێكدا، وردەكاریی دواپێشنیاری هاوبەشی هەردوو حكوومەتی فیدڕاڵ و هەرێمی خستەڕوو سەبارەت بە پەلەكردن لە دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێم، كە لە كۆبوونەوەی دوێنێی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق پەسەندكرا، ئەمەش دوای ئەوەی لە هەفتەی ڕابردوو، لەلایەن ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستانەوە، پەسەند كرا و ڕەوانەی بەغدا كرا.
بە پێی ئەم لەیەكگەیشتنە نوێیە، سەرەڕای پشتگیری لە جێبەجێكردنی بڕیاری پێشووتری ئەنجومەنی وەزیرانی هەردوولا، كە تەواوی نەوتی بەرهەمهاتووی هەرێم ڕادەستی كۆمپانیای سۆمۆ بكات ( جگە لە بڕی بەكارهێنانی ناوخۆ)، ئەم قۆناخەش لەسەر واژۆكردنی ڕێككەوتننامەی سێقۆڵی بۆ هەناردەی نەوت وەستاوە، بەڵام دانووستانەكان بەرەوپێشچوونی باشیان بەخۆیانەو بینیوە و وا چاوەڕوان دەكرێت، لە كۆتایی ئەم هەفتەیە، ئەو ڕێككەوتننامەیە گەڵاڵە بكرێت.
تا كاتی واژۆكردنی ڕێككەوتننامەی سێقۆڵیش، هەرێمی كوردستان بەشەنەوتی خۆی ڕادەستی وەزارەتی نەوتی فیدڕاڵ دەكات، بۆ ئەم مەبەستە، ئەنجوومەنی وەزیران، وەزیری سامانە سروشتییەكان و شاندی دانوستانكاری ڕاسپارد، ڕێكاری پێویست بگرنەبەر و پێویستە حكوومەتی فیدڕاڵیش لە بەرانبەردا، پابەندیی خۆی لە ناردنی مووچە دەستبەجێ جێبەجێ بكات.
سەبارەت بە دۆسیەی داهاتی نانەوتی و بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیرانی فیدڕاڵ بۆ ناردنی ئەم بابەتە بۆ ئەنجوومەنی دەوڵەت، ئەنجوومەنی وەزیران دووپاتی كردەوە لەسەر تێڕوانینی دەستووری و یاسایی خۆی لەسەر پۆڵێنكردنی داهاتە نانەوتییەكان و دەستنیشانكردنی بەشی گەنجینەی فیدڕاڵیی كە پشت بە ماددەكانی (12/دووەم-د) و (21/دووەم) لە یاسای بوودجەی فیدڕاڵیی و ماددەی 29 لە یاسای بەڕێوەبردنی دارایی فیدڕاڵیی و بڕگەی سێیەمی بڕیاری دادگای باڵای فیدڕاڵی ژمارە 224 لە 2024/2/21 دەبەستێت كە ئەمانە هەمووی یاسا و بڕیاری فیدڕاڵیین و بە دەقی ڕوون و ئاشكرا، پۆڵینی داهاتە ناوخۆییەكانی كردووە و بەشی هەر یەك لە گەنجینەی فیدڕاڵیی و هەرێمێیشی دەستنیشانكردووە وەك لە دوا یادداشتی حكوومەتی هەرێمدا هاتووە و بە فەرمی پێشكەش بە حكوومەتی فیدڕاڵ كراوە.
دواتر هەریەك لە ئومێد سەباح سەرۆكی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران و كەمال محەمەد ساڵح وەزیری سامانە سروشتییەكان بە وەكالەت و ئەندامانی دیكەی شاندی دانوستانكار، وردەكاریی زیاتری گفتوگۆكانی ئەم دواییە و لایەنە تەكنیكی و یاساییەكانیان خستەڕوو.
دوای گفتوگۆ، ئەنجوومەنی وەزیران وێڕای پێشوازیكردن لە بڕیاری هاوبەشی هەردوولا، دووپاتی كردەوە كە ئیتر لە بەرانبەر ئەم بەرەوپێشچوونانە، پێویستە وەزارەتی دارایی فیدڕاڵ، دەستبەجێ مووچەی مانگی تەمووز و ئابی ساڵی 2025 ی مووچەخۆرانی هەرێم خەرج بكات و بۆ لەمەودواش، هاوشێوەی بەشەكانی تری عێراق، مووچەخۆرانی هەرێم، وەك هاوتاكانیان لە حكوومەتی فیدڕاڵ، تەواوی مووچەكانیان لە كاتی خۆی وەربگرن.
لە بڕگەی دووەمی كۆبوونەوە، ئەنجوومەنی وەزیران گفتوگۆی لەسەر بابەتی هاوئاهەنگیی تایبەت بە ڕێكارە داراییەكان لە ناویشیاندا بابەتی باجەكان لە نێوان حكوومەتی هەرێم و حكومەتی فیدراڵ كرد، ئەویش بە ڕەچاوكردنی دەسەڵات و تایبەتمەندییە دەستووریەكانی هەرێم وەك لە دەستووری هەمیشەیی عێراق جێگیر كراوە، لەمبارەیەوە كەمال وەرتی بەڕێوەبەری گشتیی باجەكان و خانووبەرەی میریی هەرێمی كوردستان كە بۆ ئەم بڕگەیە میوانداریی كۆبوونەوەكە كرابوو، چەند پێشنیار و ڕاسپاردەیەكی هاوبەشی تایبەت بە ڕێكار و ڕێنماییەكانی باج و ڕێژەكانیان خستەڕوو كە پێشتر لەگەڵ دەستەی گشتی باجەكانی عێراق گفتوگۆیان لەسەر كردووە.
ئەنجوومەنی وەزیران هاوئاهەنگیی و هاریكاریی فەرمانگە و دامەزراوەكانی باجی لە حكوومەتی فیدڕاڵ و هەرێم بە گرنگزانی و پشتیوانی لێ دەكات. لە هەمان كاتدا، ئەنجوومەنی وەزیران دووپاتی كردەوە كە هەرێمی كوردستان وەك قەوارەیەكی فیدڕاڵیی، مافی پیادەكردنی دەسەڵات و تایبەتمەندییە داراییە دەستووریەكانی خۆی هەیە، بۆ ئەم مەبەستەش، ئەنجوومەنی وەزیران وەزارەتی دارایی وئابووری و بەڕێوەبەرایەتی گشتی باجەكانی هەرێمی كوردستانی ڕاسپارد كە بەم ئاراستەیە و لە چوارچێوەی دەستوور، پەرە بە هاوئاهەنگیی و هاریكاریی و پێوەندیەكانیان لەگەڵ هاوتاكانیان لە حكوومەتی فیدڕاڵ بدەن.
پاشان ئالان حەمە ساڵح وەزیری پەروەردە، ڕاپۆرتێكی تایبەتی سەبارەت بە ئامادەكارییەكانی وەزارەتەكەی بۆ دەستپێكی ساڵی نوێی خوێندنی 2026-2025 لە هەرێمی كوردستان خستەڕوو.
لەمبارەیەوە وەزیری پەروەردە، ئاماژەی بە ئامادەكارییەكانی تایبەت بە چاپكردنی كتێب و دابینكردنی پێداویستییەكانی خوێندن و قوتابخانەكان و گۆڕانكاری لە پرۆگرامەكانی خوێندن كرد و چەند پێشنیارێكیشی خستە بەردەم ئەنجوومەنی وەزیران بۆ سەرخستنی پلانی وەزارەت لەم بارەیەوە.
ئەنجومەنی وەزیران وێڕای دەستخۆشی لە وەزیری پەروەردە و سەرجەم مامۆستا و فەرمانبەر و كارمەندانی وەزارەتەكەی بۆ بەردەوامیدان بە پرۆسەی پەروەردە و فێركردن لە هەرێمی كوردستان، كە سەرەڕای نالەباری بارودۆخی دارایی و ئابووری ئەم چەند ساڵە، بە تایبەتیش كێشەی دواكەوتنی خەرجكردنی مووچەی مووچەخۆران و مامۆستایان و كارمەندانی پەروەردە، بەڵام وەزارەتی پەروەردە بە هەموو پێكهاتە و هێزی مرۆییی وەزارەتەكە، بە پشتیوانیی حكوومەت و ڕێكخراوە نیودەوڵەتی و ناوخۆییەكان و پشتیوانیی كەرتی تایبەت، بەرەوپێشچوونی باشی لە ڕووی ڕاهێنانی مامۆستایان و بە دیجیتاڵكردنی خزمەتگوزاریی فێركردن و چاپكردنی كتێبی نوێ وكردنەوەی قوتابخانەی نوێ و نۆژەنكردنەوەیان و زیادكردنی ژوورەكانی پۆلی خوێندن و ڕێكخستنەوەی میلاكات ئەنجام داوە.
لە كۆتاییدا ئەنجومەنی وەزیران ، لە ساڵیادی كۆمەڵكوژیی گوندی سۆریا لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ، بە ڕێز و شكۆوە ، یادی شەهیدانی ئەو كارەساتەی كردەوە كە ساڵی 1969 ، لەلایەن ڕژێمی پێشووی عێراق، خەڵكی گوندەكە لە كریستیان ( كلدان) و موسڵمان، كومەڵكوژ كران. داواش لە حكوومەتی فیدراڵ كرا كە قوربانییانی ئەم تاوانە و هەموو قوربانیانی تری دەستی ڕژێمی عێراق، قەرەبوو بكاتەوە.