بەڕێوەبەری گشتیی كشتوكاڵی هەولێر رای گەیاند، پڕۆژەی پشتێنەی سەوزایی لە دەوروبەری شاری هەولێر، هەنگاوی زۆرباشی بڕیوە و ئێستە تەرخانكردنی زەویی تایبەت بۆ كۆی پڕۆژەكە تەرخان كراوە.
هێمن سەید موراد بەڕێوەبەری كشتوكاڵی هەولێر، لە لێدوانێكیدا بۆ "وشە" رای گەیاند، هەموو ئەو جووتیارانە قەرەبوو دەكرێنەوە كە زەوییەكانیان بە بەر پڕۆژەی پشتێنەی سەوزایی هەولێر دەكەوێت.
بەڕێوەبەری گشتیی كشتوكاڵی هەولێر زیاتر گوتی، زەوییەكان كە دەكەونە ناو پڕۆژەی پشتێنەی سەوزایی، هەموویان زەویی كشتوكاڵین و دڵنیایی دەدەین كە مافی جووتیارەكان پارێزراو دەبێت و قەرەبووی شیاو دەكرێنەوە.
هێمن سەید موراد ئەوەشی خستەڕوو، هاووڵاتییان دەبێت لەوە تێبگەن ئەو پڕۆژەیە پڕۆژەیەكی بازرگانیی یان كەرتی تایبەت نییە، بەڵكو پڕۆژەیەكی نیشتمانییە، بۆ پاراستنی ژینگە و سوودی بۆ هەموو هاووڵاتییان دەبێت بێ جیاوازی.
دەشڵێت، ئێستە لە قۆناغی گفتوگۆكردنداین لەگەڵ خاوەن موڵكەكان كە زەوییەكانیان بە بەر پشتێنەی سەوزایی هەولێر دەكەوێت، تا مافی خۆیان وەربگرن و بەرژەوەندییەكانیان پارێزراو بێت.
بەتەواو كردنی پرۆژەی پشتێنەی سەوزای هەولێر لەڕووی ئاو و كارەبا و سەوزاییەوە لەماوەی داهاتوو دەچێتە قۆناغێكی نوێوە.
پشتێنەی سەوزاییی هەولێر، بەشێوەی بازنەیی بە چواردەوری هەولێردا دەسووڕێتەوە و دەكەوێتە دوای شەقامی 150 مەتری، پانی پشتێنەكە دووكیلۆمەترە، لەگەڵ دروستكردنی زیاتر لە 10 پۆند، بەپێی خەمڵاندنەكان زیاتر لە حەوت ملیۆن داری زەیتوون و فستەقی تێدا دەچێنرێت.