كەمەندامانی سەنگەر چاوەڕێی وەرگرتنی زەوین و شارەوانیش دەڵێت: پێشتر بەناوی تر وەریانگرتووە

:: AM:10:19:18/09/2025 ‌
كەمەندامانی سەنگەر رای دەگەیەنن، چەندان ساڵە حكوومەتی هەرێم بڕیاری داوە زەوی بە كەمەندامانی سەنگەر بدات، بەڵام تا ئێستە بڕیارەكە جێبەجێ نەكراوە. وەزارەتی شارەوانیش دەڵێت: بەشێكی زۆریان بەبۆنەی ترەوە زەوییان وەرگرتووە.

 لە ساڵی 2014دا حكوومەتی هەرێمی كوردستان بە فەرمانی ژمارە 308، بڕیاری دا بە دابەشكردنی 2018 پارچە زەوی بەسەر پێشمەرگەی كەمئەندامی سەنگەر، بەڵام دوای چاوەڕوانییەكی زۆر، ئەو بڕیارە كاری پێ نەكرا و كەمئەندامان زەوییەكەیان وەرنەگرت.

محەمەد چووچانی كە كەمئەندامێكی سەنگەری هێزەكانی 80یە، بە "وشە"ی راگەیاند، 11 ساڵە چاوەڕێین ئەو زەوییانەمان بدەنێ، بەڵام تا ئێستە بڕیارەكە جێبەجێ نەكراوە و ئەو هەموو كاتە ئێمەیان لە چاوەڕوانی هێشتووەتەوە.

2018 كەمئەندامی سەنگەر لە رێگەی "وشە"ەوە داوا دەكەن، وەزارەتی شارەوانی زەوییەكانیان پێ بدات، چونكە بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیرانی پێشوویان هەیە.

"وشە" لەمبارەیەوە پێوەندیی كرد بە وەزارەتی شارەوانییەوە، بەرپرسێك كە نەیویست ناوی بهێنرێت گوتی، كێشەی ئەو كەمەندامانە ئەوەیە بەشی زۆریان لەشوێن و بەناو و بۆنەی ترەوە زەوییان وەرگرتووە، بڕیاری حكوومەتیش ئەوەیە هەر كەس مافی تەنیا یەك زەویی هەیە وەریبگرێت.



وشە - سۆران عەزیز