كارەكانی پڕۆژەی شەقامی 100 مەتری تەواو بوون و كاتی كردنەوەی راگەیەنرا

:: PM:01:41:18/09/2025 ‌
شارەوانیی سلێمانی رای دەگەیەنێت، زۆرینەی كارەكانی پڕۆژەی شەقامی 100 مەتری تەواو بووە و ساڵی داهاتوو دەكرێتەوە.

زەردەشت رەفیق بەڕێوەبەری راگەیاندنی سەرۆكایەتیی شارەوانیی سلێمانی رای گەیاند، كاركردن لە شەقامی 100 مەتری بەردەوامە، زۆرینەی پرد و بەرزەپردەكانی تەواو بوون، بەشێك لە شەقامەكە قیر كراوە و ئێستە بە گشتی 77% ی كارەكانی تەواو بوون.

ئاماژەی بەوەش كردووە، كۆتایی ئەمساڵ بەشێكی پڕۆژەكە دەكرێتەوە، مانگی ئەیلوولی ساڵی 2026 تەواوی كارەكانی پڕۆژەكە كۆتاییان دێت و بەڕووی شۆفێراندا دەكرێتەوە.

پڕۆژەی ستراتیجیی شەقامی 100 مەتری سلێمانی، درێژییەكەی 34 كیلۆمەترە و چوار سایدە، پانییەكەشی 62 مەترە و دوو سایدی سەرەكیی 21 مەتر و دوو سایدی خزمەتگوزاریی 10 مەترە.

پێكهاتەی پڕۆژەكە لە حەوت یەكتربڕی گەورە، پێنج ئەندەرپاس، ئۆڤەرپاسێك و پردێك بە درێژیی 500 مەتر لەسەر چەمی تانجەڕۆ لەخۆ دەگرێت.

پڕۆژەكە لەلایەن كۆمپانیا و دەستی كاری ناوخۆیی بە باشترین كوالێتی دروست دەكرێت.

جگە لەوەی ئەو شەقامە دەبێتە یەكێك لە گرنگترین پڕۆژەكانی ڕێگەوبان لە سلێمانی كە كاریگەریی لەسەر گەشەكردن، بەرەوپێشچوونی ئابووریی ناوچەكە دەبێت، هاوكات سیمایەكی نوێ بە شارەكە دەدات و دەبێتە هۆی كەمكردنەوەی ئاستەنگی هاتوچۆ و كارئاسانیی زیاتر بۆ شۆفێران دەكات.




وشە - سۆران عەزیز