ئەمڕۆ ئەنجوومەنی دەوڵەت كۆبوونەوەی خۆی ئەنجام دا، لە كۆبوونەوەكەدا واژوویان لەسەر بۆچوونەكەیان كرد و بۆ ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراقی دەنێرن.
ئەمڕۆ یەكشەم 21ی ئەیلوول، ئەنجوومەنی دەوڵەت چوارەمین كۆبوونەوەی خۆی لەبارەی پرسی داهاتی نانەوتی كرد، لە كۆبوونەوەكەدا رەشنووسی كۆتایی خۆیان نووسیوە و بەبێ ئامادەبوونی نوێنەری هەرێم، رەشنووسەكە واژوو كرا.
دوای واژووكردنەكە چاوەڕێ دەكرێت ئەمڕۆ لەلایەن سەرۆكی ئەنجوومەنی دەوڵەتەوە بنێردرێت بۆ ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق.
رۆژی پێنجشەم 18ـی ئەیلوول، كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی دەوڵەت تەنیا یەك سەعات ئەنجام درا، دواتر بڕیاری نووسینەوەی بۆچوونی خۆیان دا، تێدا وەڵامی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق لەسەر داهاتی ناوخۆی هەرێمی كوردستان بدەنەوە.
بەپێی زانیارییەكانی "وشە" پێش نووسینەوەی بۆچوونەكان، تەنیا دوو ئەندام دژی بۆچوونەكانی هەرێمی كوردستان بوون، دوو ئەندام بۆچوونی بێلایەنییان هەڵبژاردووە، بەڵام 11 ئەندامی تر پشتیان بە دەستوور بەستووە و لەگەڵ بۆچوونی هەرێمی كوردستان بوونە، ئەم بۆچوونانەش تا كۆبوونەوەی رۆژی پێنجشەم بەم شێوەیە بوونە ئەگەر لە ژێر گوشاری سیاسی پێیان نەگۆڕن.
ئەوەش زانراوە، بۆچوونیان وابوو كە بەپێی یاسای بودجە و یاسای بەڕێوەبردنی دارایی، داواكارییەكانی هەرێمی كوردستان بۆ گەڕاندنەوەی داهاتی نانەوتی و خەزێنەی حكوومەتی فیدراڵ دەستوورین.
گفتوگۆكانی نێوان هەولێر و بەغدا لەبارەی نەوت و داهاتی ناوخۆ بەردەوامی هەیە، دوێنێش كۆبوونەوە هەبووە.