دوای ئەوەی "وشە" هەواڵێكی بڵاو كردەوە، كە دەستەی مافی مرۆڤ بەدواداچوونی بۆ گیراوانی كانی گۆمە كردووە، كەمێك لەمەوبەر وردەكارییەكەیان بڵاو كردەوە، كە لاهوور شێخ جەنگی و پۆڵاد بینراون.
دەستەكە رای گەیاند، شاندێكی باڵای دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ، سەردانی گرتووخانەی كانی گۆمە و هۆتێلی لالەزاریان كرد، شاندەكە بە جیا سەردانی هەریەك لە لاهوور شێخ جەنگی و پۆڵاد شێخ جەنگییان كرد، كە هەریەكەیان بە تەنیا لە ژوورێك زیندانین، دواتر سەردانی زیندانییانی تری شەڕەكەی لالەزاریان كرد.
تیمی دەستە بەدواداچونیان كرد بۆ ڕەوشی تەندروستی و شوێنی مانەوەی گیراوان بەگشتی، تەندروستیی سەرجەم گیراوەکان باشە و كەسوكاریان سەردانیان دەكەن، ئەوانەی داوای پارێزەریان كردووە بۆیان دابین كراوە، ئەوەی داوای نەكردووە بە ئارەزووی خۆی ڕەتی كردووەتەوە، هەروەها ڕێگە بە تەلەفۆنكردنیش دراوە بۆیان بە كەسوكاریان.
جێگای ئاماژەیە ئەو زیندانییانەی لە ڕووداوەكانی لالەزار گیرابوون كە پێشتر لە دژەتیرۆر بوون گوازراونەتەوە بۆ زیندانی ئاسایشی كانی گۆمە، كە ژمارەیان ئێستە زیاتر لە 200 زیندانییە.
لە دوای ڕووداوەكانی شەڕی لالەزارەوە تا ئێستە، كەیسەكان یەكلا نەكراونەتەوە بۆیە زیندانییان داوای یەكلایی كردنەوە و جیاكردنەوەی كەیسەكانیان دەكەن بە ڕێگای دادگا و لە كاتێكی دیاریكراودا.
رۆژی 22ی ئاب، چەكدارانی یەكێتی هەڵیانكوتایە سەر هۆتێل لالەزار و لاهوور شێخ جەنگی و برایەكی گیران، بەڵام دوای سێ سەعات و نیو شەڕكردن، لە ئەنجانی ئەو رووداوەدا دەیان كەس گیران و كوژران و سووتان.