وردەكاریی كوژرانی ئەكبەری حاجی رۆستەم بڵاو كرایەوە

:: AM:08:37:23/09/2025 ‌
شەوی رابردوو ئەكبەر حاجی ڕۆستەم كەسایەتیی دیاری سنووری گەرمیان، لە گوندی ئۆمەربل لە سنووری  كفری كوژرا و پۆلیس دەڵێت: لە باخەكەی خۆی كوژراوە.

عەقید عەلی جەمال قەدووری گوتەبێژی پۆلیسی گەرمیان رای گەیاند، ئەكبەر حاجی رۆستەم لە گوندی ئۆمەربل لە كفری سەربە ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان كوژراوە.
 
گوتەبێژی پۆلیسی گەرمیان گوتیشی، دەستیان بە لێكۆڵینەوە كردووە و بكوژ تا ئێستە نەگیراوە.ئەكبەری حاجی رۆستەم ئۆتۆمبێلەكەیشی ونە و گومان دەكرێت دزرابێت. 

 كۆچەر كە كوڕە گەورەی ئەكبەر حاجی ڕۆستەمە رای گەیاند، "نزیكەی سەعات شەشی ئێوارەی دوێنێ، باوكم گەڕاوەتەوە گوندەكەمان (ئۆمەربل)، بەڵام پێشئەوەی بگاتەوە ماڵەوە، سەردانی باخەكەمانی كردووە كە هەر لەدەوروبەری گوندەكەیە، دوای ئەوەی دوو سەعات زیاتر دەنگی نەماو پێوەندییە تەلەفۆنییەكانمانی وەڵامنەدایەوە، بەدوایدا گەڕاین‌و تەرمەكەیمان لەوێ دۆزییەوە".

ئەوەشی گوتوە، "لەكامێراكانی چاودێرییەوە بینیومانە، ئۆتۆمبێلەكەی باوكم دوای كوژرانی، لەلایەن بكوژەكەوە دزراوە و تائێستە نازانن بۆ كوێ بردراوە".

كوڕە گەورەكەی ئەكبەر حاجی ڕۆستەم ڕەتیكردوەتەوە، هیچ كێشەیەكی خێزانی‌و كۆمەڵایەتییان لەگەڵ هیچ كەس‌و لایەنێك هەبێت‌و جەختیكردەوە، "گومانمان لەهیچ كەسێك نییە، چونكە لەبنەڕەتدا كێشەمان لەگەڵ كەس نییە".

داواش لەدەزگا تەناهییەكانی ناوچەكە و  لایەنە پێوەندیدارەكان دەكات، "ئەركی پیشەیی خۆیان بەجێبگەیەنن، ڕاستیی ڕووداوەكە بۆ ڕای گشتی ئاشكرابكەن‌و تاوانباری سەرەكیی ئەوكارە قێزەونە ڕادەستی دادگا بكەن".

ئەكبەر حاجی رۆستەم كەسایەتییەكی دیاری دەڤەری گەرمیان و پێشمەرگەیەكی دێرین بوو. ئەو زانیاریانە كەسوكاری پشتراستی دەكەنەوە ئەوەیە، ناو براو بەدەمانچەی بێدەنگ كوژراوە، فیشەك لەسەری دراوە، لەكاتی تیرۆركردنەكەشدا كەسی لەگەڵدا نەبووە و ئۆتۆمبێل و كەلوپەلەكانی دزراون.



وشە - سۆران عەزیز