بە هەناردەكردنەوەی نەوت سەرجەم سێكتەرەكان دەكەونەوە جووڵە

:: AM:11:39:27/09/2025 ‌
هەناردەكردنەوەی نەوتی كوردستان دەستی پێ‌ كردەوە، شارەزایەكی بواری خانووبەرە رای دەگەیەنێت، هەناردەی نەوتی كوردستان وا دەكات دووبارە سێكتەرەكانی ژیان كارا بێتەوە، ئەم وەرزە بە وەرزی قازانج دەست پێ‌ دەكاتەوە.

ئەمڕۆ شەموو 27ـی ئەیلوول، بارزین كەریم راوێژكاری خانووبەرە، بە "وشە"ـی راگەیاند، پارەی كاش لە هەولێردا زۆرە، بەڵام لەبەر ناسەقامگیریی ئابووری نەخراوەتە بازاڕەوە.

زیاتر گوتی، ناردنە دەرەوەی نەوتی هەرێم و هاتنی مووچە، دەبێتە هۆكاری دروستبوونی سەقامگیریی ئابووری، ئەمەش وا دەكات بەشێكی ئەو پارە كاشە زۆرەی هاووڵاتییان، بێتە بازاڕەوە كە بەهۆی ناسەقامگیریی ئابووری هەڵیانگرتووە، بەمەش سەرجەم سێكتەرەكان دەكەونە جووڵەوە.

روونی كردەوە، بەهەموو پێوەرەكان بێت، ئێستە كاتی كڕینی موڵكە بەتایبەت زەوی و شوێنی بازرگانی، بۆیە دەتوانم بڵێم ئەم وەرزە وەرزی قازانجە.

دوای زیاتر لە دوو ساڵ و نیو لە ڕاگرتنی، بەرەبەیانیی ئەمڕۆ شەموو 27ی ئەیلوول، هەناردەكردنەوەی نەوتی خاوی هەرێمی كوردستان لە كێڵگەی نەوتی پێشخاپوورەوە بۆ بەندەری جەیهانی توركیا دەستی پێ كردەوە، ڕۆژانە 190 هەزار بەرمیل نەوتی خاوی كوردستان لەو بەندەرە بە بازاڕ دەكرێت.

دوای چەندان كۆبوونەوەی شاندی هەردوو وەزارەتی سامانە سروشتییەكانی هەرێمی كوردستان و وەزارەتی نەوتی فیدراڵ، دواجار ڕێككەوتنی سێقۆڵی لە نێوان هەردوو وەزارەت و كۆمپانیا بیانییەكانی وەبەرهێنانی نەوت كرا، بۆ ئەوەی هەناردەكردنەوەی نەوت لە ڕێگەی كۆمپانیای بەبازاڕكردنی نەوتی عێراق (سۆمۆ) نەوتی هەرێمی كوردستان هەناردەی بەندەری دنیا دەكرێتەوە.



وشە - رامیار جەواد