نووسینگەی راگەیاندنی محەمەد شیاع سوودانی سەرۆك وەزیرانی عێراق بڵاوی كردەوە كە سوودانی پێوەندی تەلەفۆنی لەگەڵ سەرۆك بارزانی ئەنجام داوە.
بە گوێرەی راگەیەنراوی نووسینگەكەی، محەمەد شەیاع سوودانی پێوەندی تەلەفۆنی لەگەڵ هەر یەك لە سەرۆك بارزانی و نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان ئەنجامداوە.
وەك لە راگەیەنراوەكەدا هاتووە، سوودانی پێزانینی خۆی بۆ هەڵوێستی سەركردە و هێزە كوردییەكان دەربڕی كە بەشداربوون لە گەیشتن بە ڕێككەوتنەكەی ئەم دواییە بۆ دەستپێكردنەوەی هەناردەكردنی نەوتی خاوی بەرهەم هێنراو لە هەرێم.
هەروەها دووپات لە گرنگی پێڕەوكردنی هەموو ئەو ڕێوشوێنانەی، كە دەبێتە هۆی پتەوكردنی گەشەپێدانی نیشتیمانی و پێشخستنی بەرژەوەندیی گشتگیری نیشتمانی و بەرجەستەكردنی ئامانجە هاوبەشەكان لە بەدیهێنانی پێشكەوتنی هەمەلایەنەی ئابووری و پاراستنی سامان و دابەشكردنی بەشێوەیەكی دادپەروەرانە بەسەر هەموو ڕۆڵەكانی گەلی عێراقدا لە سەرانسەری وڵات.
هەر لە پێوەندییەكاندا دووپات كرایەوە لەسەر پاڵپشتیكردنی وەبەرهێنان لە عێراق، بەو پێیەی بزوێنەری سەرەكییە بۆ دروستكردنی گەشەسەندنی هەمەلایەن لە وڵات و هێنانەدی گۆڕانكاریی چۆنایەتی لە ئابووری عێراقدا.
هەر ئەمڕۆ "وشە" ناوەڕۆكی پێوەندییەكی تەلەفۆنی مەسروور بارزانی سەرۆك وەزیرانی كوردستان و محەمەد شیاع سوودانی بڵاو كردەوە كە تێیدا، سەرۆك وەزیرانی كوردستان دووپاتی لە نەفەوتانی هیچ مووچەیەكی ئەمساڵ كردبووەوە.