سەرەتای مانگی داهاتوو دابەشكردنی زەوی دەست پێ‌ دەكاتەوە

:: AM:09:21:29/09/2025 ‌
بڕیارە لە 10 رۆژی داهاتوودا، دووبارە دابەشكردنی زەوی بەسەر فەرمانبەران دەست پێ‌ بكاتەوە و ئەو فەرمانبەرانەی رەزامەندیی ئەنجوومەنی وەزیرانیان هەیە، تیروپشكیان بۆ دەكرێت.

ئەمڕۆ دووشەم 29ـی ئەیلوول، مەریوان عەبدولهادی سەرۆكی شارەوانیی هەولێر، بە "وشە"ـی راگەیاند، پرۆسەی دابەشكردنی زەوی بەردەوامە و تیمەكانی ئێمە سەرقاڵی كاركردنن.

زیاتر گوتی، ئەو پرۆسەیە هەر وەجبەیەكی زەوی ئامادە دەكەن، لە رێگەی شارەوانیی خۆیانەوە دەست دەكرێَت بە ئامادەكاری بۆ دابەشكردن، لە سنووری هەولێریش 37 شارەوانی هەیە.

بەپێی زانیارییەكانی "وشە" لە 10 رۆژی مانگی داهاتوودا، دەست دەكرێت بە دابەشكردنی زەوی لە چەندان شارەوانی، ئێَستە ئەو پرۆسەیە ئامادەكاریی بۆ دەكرێت.

ئەوەش زانراوە، وردبینی كۆتایی لە فۆرمەكانی هەرسێ شارەوانی دارەتوو و بنەسڵاوە و كەسنەزان بەرەو تەواوبوون دەچێت، هەرسێ شارەوانییەكە لە یەك رێوڕەسمدا، تیروپشك بۆ زەوییەكانیان دەكرێت و ناوەكانیش بەپێی سنووری شارەوانییەكان بڵاو دەكرێنەوە.  

27ی ئایاری ساڵی رابردوو مەسروور بارزانی سەرۆك وەزیرانی كوردستان، بڕیاری دا زەوی بەسەر فەرمانبەرانی كوردستان دابەش بكرێت كە لە رابردوودا سوودمەند نەبوون، قۆناغی یەكەمی پرۆسەكە لە زاخۆ و گەرمیانەوە دەستی پێ كرد، دواتر هەولێر و سلێمانی گرتەوە كە هەر پارچە زەوییەك 200 مەترە.


وشە - رامیار جەواد