وردەكاریی هاتنی پارەی مووچە و دابەشكردنی

:: PM:06:14:29/09/2025 ‌
وەك هەمیشە، "وشە" تا دڵنیا نەبێتەوە هەواڵ لەبارەی هاتن و نەهاتنی مووچە بڵاو ناكاتەوە، بەپێی دوایین بەدواداچوونی ژووری هەواڵ، تەمویلی مووچەی فەرمانبەرانی كوردستان لە كۆتایی دەوامی ئەمڕۆ لە بەغدا واژوو كرا و سبەی پارەكە دەگات. 

ئەمڕۆ دووشەم، 29ی ئەیلوولی 2025، "وشە" لە چەند سەرچاوەیەكی دڵنیا كردەوە و دەركەوت كە سبەی پێش كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق پارەی مووچەی فەرمانبەرانی كوردستان دەگات، بەڵام دیار نییە پارەكە بە یەك گوژمە یان دوو گوژمە لە هەمان ڕۆژدا دەگات.

كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بەگوێرەی نەریتی حكوومەتەكە سەعات یەكی دوای نیوەڕۆ بەڕێوە دەچێت، واتە پێش ئەو کاتە پارەی مووچە دەخرێتە سەر هەژماری وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی كوردستان. 

سەرچاوەكە دەڵێ‌، ئەمڕۆ لە كۆتایی دەوامدا، نووسراوی تەمویلی مووچەی فەرمانبەران واژوو كراوە.

لەبارەی چۆنییەتی دابەشكردنی مووچەیش لە كوردستان ئەو سەرچاوەیە گوتی، ئەگەر سبەی بە یەك گوژمە پارەكە بگات، ئەوە بە دڵنیاییەوە تا رۆژی هەینی تەواوی فەرمانبەران مووچە وەردەگرن، چونكە هەژماری من كارئاسانییەكی زۆری كردووە و هۆكارە بۆ ئەوەی خشتەی مووچە بەخێرایی جێبەجێ بكرێت. 

رۆژی شەمووی رابردوو، هەناردەی نەوتی كوردستان دەستی پێ كردەوە و بەوەیش كێشەی مووچە لەگەڵ بەغدا چارەسەر بوو، هەروەها مەسروور بارزانی سەرۆك وەزیرانی كوردستان، بە تەلەفۆن بە سوودانی سەرۆك وەزیرانی عێراقی گوت، پێویستە ئەمساڵ هیچ مووچەیەكی فەرمانبەران نەفەوتێت.


وشە - سه‌رخێڵ هاشم