وەك ئەوەی دوێنی "وشە" بڵاوی كردەوە، دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ مووچەی فەرمانبەرانی كوردستان خرایە سەر هەژماری وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی كوردستان، ئێستە چاوەڕوان دەكرێت لە چەند سەعاتی داهاتوودا خشتەی مووچە رابگەیەنرێ.
ئەمڕۆ سێشەم 30ی ئەیلوول، وەزارەتی دارایی و ئابووری حكوومەتی هەرێمی كوردستان بڵاوی كردەوە، 956 ملیار دینار نێردرایە سەر حیسابی وەزارەتەكەیان.
بەگوێرەی بەدواداچوونەكانی "وشە" لە چەند سەعاتی داهاتوودا، خشتەی مووچەی فەرمانبەران بڵاو دەكرێتەوە كە تا رۆژی شەموو تەواوی فەرمانبەران مووچە وەردەگرن، بەڵام ئەو خشتەیە بۆ هەژماری من نییە، بەڵكو ئەو فەرمانبەرانەی كە لە هەژماری من تۆمار كراون، زۆرینەیان سبەی مووچە دەخرێتە سەر حیسابەكەیان.
سەرچاوەیەكی ناو وەزارەتی دارایی و ئابووری، ئەوەی بۆ "وشە" پشتڕاست كردەوە كە فەرمانبەرانی تۆمار لە هەژماری من بە رۆژێك مووچەكانیان وەردەگرن.
زیاتر لە ملیۆنێك فەرمانبەر لە هەژماری من تۆمار كراون، پڕۆژەكە ئێستە لە فراوانبوونی زیاتردایە، هەفتەی رابردوویش ژمارەی ئای تی ئێمەكانی كوردستان زیاد كران.