بەڕێوەبەری یەكێك لە كتێبخانە دیارەكان ئاشكرای دەكات، پێشانگەی نێودەوڵەتیی كتێب لە سلێمانی، بۆ ئەمساڵ بە حزبی كراوە و ڕێگریی كراوە لە بەشداریكردنیان.
بەڕێوەبەری كتێبخانەی هەژار موكریانی، لە لێدوانێكی ڕۆژنامەوانیدا بۆ "وشە" ڕای گەیاند، ''دەستوەردانی حزبی لە پێشانگەی نێودەوڵەتیی كتێب لە سلێمانی بە ئاشكرا دیارە.''
عەتا رەئووف ئاماژەی بەوە دا، بۆ ماوەی حەوت ساڵی بەڕێوەچوونی پێشانگەكە، بە بەردەوامی بەشدارییان كردووە، بەڵام ئەمساڵ داواكارییەكانیان جێبەجێ نەكراوە و پشتگوێ خراون، ئەمەش هۆكارە بۆ ئەوەی بەشداریی لە پێشانگەكە نەكەن.
ئاماژەی بەوەش كرد، ئەوان داوای شوێنێكی 18 مەترییان كردووە و مافی خۆیانە كە شوێنێكی بەو قەبارەیان پێ بدرێت، بەهۆی ئەوەی چاپكراوەكانیان زۆرە، بەڵام بەڕێوەبەرانی پێشانگەكە ڕەتیان كردووەتەوە و ئەو شوێنانە دراون بە كتێبخانەكانی تر.
لەبارەی كاتی بەڕێوەچوونی پێشانگەكەیش گوتی، ''ئەم مانگە كاتی گونجاو نییە بۆ ئەنجامدانی و چەند جارێك داوایان كردووە كە گۆڕانكاریی تێدا بكرێت، بەڵام ڕەت كراوەتەوە، چونكە پێشانگەكە بەحزبی كرا.''
ئەمە لە كاتێكدایە سبەینێ سێی تشرینی یەكەم، پێشانگەی نێودەوڵەتیی كتێب لە سلێمانی، بۆ خولی حەوتەمی دەست پێ دەكات و تا 13 مانگ بەردەوام دەبێت، ئەمساڵ بڕیارە بەشێوەیەكی جیاوازتر بەڕێوە بچێت، بەو پێیەی دامەزراوەی مام بەشداریی لە ڕێكخستنی پێشانگەكە كردووە و پێشانگەكەیان بەناوی مام جەلالەوە كردووە.
ئەو دامەزراوەیە لە هەوڵێَكی تریدا لە رۆژانی پێشوو، ناوی فڕۆكەخانەی سلێمانی گۆڕی بۆ فڕۆكەخانەی مام جەلال، ئەمەش ناڕەزایی خەڵكی شارەكەی لێ كەوتەوە و پێیان وایە، سلێمانی مافی خۆیەتی شتە گرنگەكانی بەناوی خۆیەوە بێت.
پێشتریش چەند دەزگایەكی تر داوایان لە بەڕێوەبەرانی پێشانگەكە كرد كاتەگەی بگۆڕێت، بەڵام داواكەیان رەت كرایەوە، ئەوانیش بایكۆتی پێشانگەكەیان كردووە.