لە سەرەتای هەفتەی داهاتوودا وەزارەتی دارایی و ئابووری، دەست دەكات بە كۆكردنەوەی داهاتی ناوخۆ تا 120 ملیار دینار ئامادە بكرێت و بۆ بەغدا بنێردرێت.
ئەمڕۆ پێنجشەم دووی تشرینی یەكەم، بەپێی زانیارییەكانی "وشە"، ئەمڕۆ دەست كراوە بە كۆكردنەوەی داهاتی ناوخۆ، بۆ رۆژی یەكشەمی داهاتوو سەرجەم فەرمانگەكان كار لەسەر دابینكردنی پارەی داهاتی ناوخۆ دەكەن.
ئەوەش زانراوە، ئامانج ئەوەیە لە هەفتەی داهاتوودا 120 ملیار دینار دابین بكرێت و بۆ بەغدای بنێرن وەك داهاتی ناوخۆ بۆ مانگی ئاب.
ئێستە حكوومەتی هەرێمی كوردستان هەوڵەكانی خستووەتە گەڕ بۆ دابینكردنی مووچەی مانگی هەشت، دوای ناردنی پارەی داهاتی ناوخۆ، داوای مووچەی مانگی هەشت دەكرێ، بۆ ئەوەی دوای مووچەی مانگی حەوت، مووچەی مانگی هەشتیش لە بەغداوە رەوانە بكرێت و دەست بە دابەشكردنی بكرێت.
ئێستە لیستی مووچەی مانگی هەشت لە بەغدایە، سەرجەم رێكارەكانی تەواو كراوە، تەنیا فەرمانی خەرجكردنی پارە ماوە.
هەناردەی نەوتی هەرێمی كوردستان دەستی پێ كردووەتەوە، ئێستە رێككەوتن لە نێوان هەولێر و بەغدا هەیە، بۆیە چاوەڕوان دەكرێت كێشەكانی بەردەم ناردنی مووچە بەرەو كاڵبوونەوە بچێت.
دوێنێش ئەنجوومەنی وەزیران داوای لە حكوومەتی فیدراڵ كە شاندی دانوستانكاری هەردوو حكوومەت كرد، لە ژێر سەرپەرشتیی لیژنەی وەزاریی پێكهاتوو بە بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیرانی فیدراڵ، بەردەوامی بە كۆبوونەوەكانیان بدەن بۆ گەیشتن بە ڕێككەوتنێكی هاوبەش تا لە نزیكترین دەرفەتدا، هاوشێوەی دۆسیەی نەوت، دۆسیەی داهاتی نانەوتیش یەكلا بكرێتەوە و ئیتر هیچ پاساو و بەربەستێك، نەكرێتە بیانوو بۆ كێشەی مووچە.