لیژنەی تەناهیی پارێزگای هەولێر، راگەیەنراوێكی لەبارەی دەستپێكردنی بانگەشەی هەڵبژاردن بۆ پەرلەمانی عێراق بڵاو كردەوە و دەڵێن، بۆ بەرگریكردن لە ناو و ناوبانگی پایتەختی هەرێمی كوردستان و پاراستنی ئارامی و پاكڕاگرتنی شار، پێویستە كاندید و لیستەكان پابەندی چەندان ڕێنوێنی بن.
لە رێنوێنییەكاندا هاتووە، بە هیچ شێوەیەك نابێت بانگەشەی هەڵبژاردن بە كاروانی زۆری ئۆتۆمبێل لە شەقامە گشتییەكان بكرێت، كە ببێتە هۆی دروستكردنی ئاستەنگ لە ڕێگەی هاتوچۆی خەڵك، هەروەها نابێت ئامێری بێزاركەر بەكار بهێنرێت، كە ببێتە هۆی ناڕەحەتی هاووڵاتییان و نابێت وێنە و پۆستەر و دروشمی كاندیدان لەو شوێنانەی كە ڕێگە دراوە، بە مادەیی لێكدەر وەك (لەزگە یان غەرە) لێ بدرێت، بەڵكو دەبێت هەڵبواسرێت، یان لەسەر ستاند لە شوێنیك دابنرێت كە ڕێگە نەگرێت، هەروەها بەكارهێنانی (قوم، لم، چیمەنتۆ) بۆ ڕاگرتنی دروشم و پۆستەر و وێنەكان بە هەموو شێوەیەك قەدەغەیە.
رێنوێنییەكان ئاماژەیان بەوە كردووە كە نابێت لە چوارڕێیان و ترافیك لایتەكان وێنە و پۆستەر و دروشمی كاندیدانیان لێ بدرێت و نابێت وێنە و پۆستەری كاندیدان لە فەرمانگە حكوومییەكان، نەخۆشخانە، قوتابخانەكان، هتد .. لێ بدرێت.
وەك هەڵواسینی پۆستەر و دروشمەكانی تایبەت بە بانگەشەی هەڵبژاردن لەسەر دیوار و شوێنە گشتییەكان، وەك (مزگەوت، كەنیسەكان، شوێنە پیرۆزە ئاینییەكان و شوێنە كولتووری و مێژووییەكان) قەدەغە كراوە.
باس لەوەیش كراوە كە ڕێگەپێدراو نییە ڕستەی ئاڵای لایەنە سیاسییەكان، بەستوونی ڕۆناككەرەوەی شەقامەكان و هێماكانی هاتوچۆ لە ناوشار و دەرەوەی شار و بەردەم كامێراكانی چاودێری هەڵبواسرێت، لە هەر حاڵەتێكی سەرپێچی پاش دیكۆمێنتكردن، بە هاوئاهەنگی لەگەڵ كۆمسیۆنی هەڵبژاردن، پێبژاردن بۆ كاندیدان و لایەنەكان دەكرێت.
هەروەها بۆ ئەنجامدانی هەر گردبوونەوەیەكی جەماوەری بە مەبەستی بانگەشەی هەڵبژاردن لە شوێنی گشتی، لە پێناو پاراستنی ئاسایشی شارەكەمان و گردبوونەوەكە، دەبێت ڕەزامەندیی لیژنەی تەناهیی پارێزگای هەولێر وەربگیرێت. دووپات كراوەتەوە كە پارێزگاریكردن لە وێنەی كاندیدانی ئافرەت و پاراستنیان لە كاتی بانگەشە، ئەركی هەموو لایەكە، هەركەس و لایەنێك بێڕیزی بە وێنەكانیان و شێواندنیان بكات، ڕووبەڕووی ڕێكاری یاسایی دەبێتەوە.