بەرپرسی لقی 23ی قەرچووغی پارتى دیموکراتى کوردستان ئاماژە بۆ ئەوە دەكات، كە چەندان داواكاریی مەخموور گەیەنراوەتە مەسروور بارزانی، سەرۆك وەزیرانی كوردستان و جێبەجێ كراون.
ئەمڕۆ پێنجشەم، دووی ئۆكتۆبەری 2025، سەنگەر كانەبی، بەرپرسی لقی 23ی قەرەچووغ رای گەیاند، هەمیشە گوێگری ویست و داخوازی و داواكاریی خەڵكی مەخموور بووین، ئەوەی پێمان كراوە جێبەجێ كراوە، بۆیە خەڵكی متمانەیەكی زۆریان بە پارتی دیموكراتی كوردستان هەیە.
هەروەها ئاماژەی بۆ ئەوە كرد، زۆر جار داواكاریی خەڵكی سنووری مەخموور و لقی 23ی قەرەچووغمان ڕاستەوخۆ گەیاندووەتە مەسروور بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، داواكارییەكان جێبەجێ كراون.
"مەخموور دەڤەری پێكەوەژیانە و سەتان ساڵە كورد و عەرەب بەبێ جیاوازی لەو دەڤەرە دەژین، هەر هەوڵێكیش بۆ تێكدانی ئەو برایەتی و پێكەوەژیانە هەبێت بەرەنگاری دەبینەوە، چونكە یەكێك لە پرەنسیپە نەگۆڕەكانی پارتی؛ دادپەروەری و پێكەوەژیانە لە نێوان هەموو پێكهاتەكان بەبێ جیاوازی ئاینی، نەتەوەیی و مەزەوی، هەر ئەوەیش وای كردووە هەموو پێكهاتەكان هەست بە ئارامی و گەرەنتی مافەكانیان بكەن". سەنگەر كانەبی وای گوت.