وەزارەتی خوێندنی باڵا: ئەمشەو دەرگای پێشکەشکردنی "زانکۆلاین" دادەخرێت

:: PM:07:23:02/10/2025 ‌
ئەمڕۆ پێنجشەم دووی تشرینی یەكەم، وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، دوایین وادەی پێشكەشكردنی فۆڕمی "زانكۆلاین"ی بۆ دەرچووانی پۆلی دوانزەی ئامادەیی ڕاگەیاند و دووپاتی كردەوە كە ماوەكە درێژ ناكرێتەوە.

عەباس ئەكرەم، گوتەبێژی وەزارەتی خوێندنی باڵا ڕای گەیاند: سەعات 12ی ئەمشەو، دووی تشرینی یەكەمی 2025، ماوەی پێشكەشكردن لە ڕێگەی وێبسایتی (regayzanko.com) كۆتایی دێت و بە هیچ شێوەیەك ماوەكە درێژ ناكرێتەوە.

گوتەبێژی وەزارەتی خوێندنی باڵا داوای لە سەرجەم دەرچووانی پۆلی دوانزەی ئامادەیی بە بەشەكانی (زانستی، وێژەیی، پیشەیی) و هەروەها قوتابیانی خوێندنگە نێودەوڵەتییەكان كرد كە تا ئێستا فۆڕمیان پڕ نەكردووەتەوە، لەو چەند سەعاتەی ماوەدا داواكارییەكانیان پێشكەش بكەن.
ناوبراو دووپاتی كردەوە، پێویستە دەرچووان دڵنیا بن لە ناردنی فۆڕمەكانیان لە ڕێگەی سیستەمەكەوە پێش كاتی دیاریكراو، بۆ ئەوەی مافی وەرگرتنیان لە زانكۆ و پەیمانگەكاندا نەفەوتێت.


وشە - پۆڵا مەحموود