ئەمشەو پێنجشەم دووی ئۆكتۆبەری 2025، لە سەروبەندی دەست پێ كردنی بانگەشەی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان، لە پەیامێكدا داوای لە هەموو لایەنە سیاسییەكان كرد بانگەشەیەكی شارستانی و ئارام بەڕێوە ببەن كە ڕێز لە پێكەوەژیان بگرێت.
سەرۆكی هەرێمی كوردستان داوای لە هەموو لایەنەكان كرد پابەندی ڕێنوێنییەكانی كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان بن و گوتی، بانگەشەیەكی شارستانی بەڕێوە ببەن كە ڕەنگدانەوەی پێكەوەژیان و یەكترقبووڵكردن و فرەڕەنگیی پێكهاتەكانی كوردستان بێت و نەبێتە هۆی گرژی و دابەشكردن.
نێچیرڤان بارزانی دووپاتی كردەوە كە ئامانجی هەموو نوێنەرانی كوردستان لە بەغدا خزمەتكردنی خەڵكە، بۆیە پێویستە لە بانگەشەكاندا لە یەكتر دوور نەكەونەوە. ناوبراو گوتی، نابێ لە بانگەشەدا كارێكی وا بەرانبەر بە یەكتر بكەن كە سبەی نەتوانن پێكەوە كار بكەن، چونكە بە یەكڕیزی و تەبایی دەتوانن خزمەتی باشتر بكەن.
سەرۆكی هەرێمی كوردستان دووپاتی لەوەیش كردەوە كە پێویستە بانگەشەكان نەبنە هۆی بڵاوكردنەوەی ڕق و كینە و ڕێز لە پێگە و كەرامەتی ئافرەتانی بەربژێر و پیرۆزیی هەموو پێكهاتەكان بگیرێت. هەروەها داوای لە هێزە تەناهییەكان كرد كە پیشەییانە و بێ جیاوازی ئەركی خۆیان لە پاراستنی هەمووان جێبەجێ بكەن.
لە كۆتاییی پەیامەكەیدا، سەرۆكی هەرێمی كوردستان هیوای بانگەشەیەكی ئارام و سەركەوتووی بۆ هەموو لایەنەكان خواست.