چەند بڕیارێك بۆ خوێندنی ئەمساڵ درا

:: AM:11:22:04/10/2025 ‌
وەزارەتی پەروەردە، هەڵمەتی گەڕانەوە بۆ خوێندن دەست پێ دەكات ‌و جیاوازیی تەمەنیش كەم دەبێتەوە. هەر منداڵێك تەمەنی لە نۆ ساڵ كەمتر نەبێت واتا نەگەیشتبێتە 10 ساڵ، مافی هەیە لە پۆلی یەكەمی بنەڕەتی تۆمار بكرێت یان بەگوێرەی ئاستی خۆی لە پۆلێكی گونجاو دابنرێت.

لە ڕاگەیەنراوێكی وەزارەتی پەروەردە كە نووسراو بۆ پەروەردەكان نێردراوە و تێدا هاتووە، بۆ ساڵی خوێندنی (2025-2026)، لە سبەی تا 16 ڕۆژی تر، هەڵمەتی گەڕانەوە بۆ خوێندن دەست پێ‌ دەكات و بەردەوام دەبێت، ئامانجی كۆی پرۆسەكەش گەڕاندنەوەی ئەو قوتابیانەیە كە بەهۆكارێكی جۆراوجۆر لە خوێندن دابڕاون.

لە نووسراوەكەدا داوا لە بەڕێوەبەر و یاریدەدەر و تەواوی ستافی قوتابخانەكانی هەولێر، سلێمانی، دهۆك، گەرمیان، هەڵەبجە، سۆران، ڕاپەڕین ‌و زاخۆ دەكرێت لە سنووری جیۆگرافیای خوێندندا، بەپشتبەستن بەڕێنوێنییەكانی وەرگرتنی قوتابی، هەوڵ بدەن نزیكەی پێنج قوتابی بگەڕێننەوە بۆ خوێندن.

لە ڕاگەیەنراوەكەدا ڕێنوێنییەكانی تری هەڵمەتەكە روون كراوەتەوە بۆ قوتابیانی نوێ (قۆناغی بنەڕەتی): هەر منداڵێك تەمەنی لە نۆ ساڵ كەمتر نەبێت واتا نەگەیشتبێتە 10 ساڵ، مافی هەیە لە پۆلی یەكەمی بنەڕەتی تۆمار بكرێت یان بەگوێرەی ئاستی خۆی لە پۆلێكی گونجاو دابنرێت.

"قوتابیانی دابڕاو (خێرا) ئەگەر تەمەنی منداڵ لە 10 ساڵەوە تا 22 ساڵ بۆ كوڕ و 24 ساڵ بۆ كچ بێت‌ و دابڕابێت، مافی خوێندنی خێرای هەیە و دەتوانێت بەگوێرەی ڕێنوێنی‌ و ئەزموون بەردەوام بێت، ئەگەر قوتابی چەند پۆلێكی تەواو كردبێت (بۆ نموونە تا پۆلی سێیەمی بنەڕەتی)، دەتوانێت لە خوێندنی خێرا بەردەوام بێت یان لە هەمان پۆل دابنرێتەوە"، لە نووسراوەكە هاتووە.

ئاماژە بەوەش كراوە، قوتابیان دەتوانن تا تەمەنی 16 ساڵ لە خوێندنی ڕۆژ بەردەوام بن، ئەگەر تەمەنیان لە 16 ساڵ زیاتر بێت ‌و دوو ساڵ یان زیاتر دابڕابن، مافی خوێندنی ئێواران یان خوێندنی خێرایان هەیە، بەمەرجێك لە خوێندنی ئێواران تەمەنیان لە 45 ساڵ ‌و لە ئامادەیی لە 50 ساڵ زیاتر نەبێت.

لەبارەی كەسانی نەخوێندەوار لە بڕیارەكەدا هاتووە، هەر كەسێك لەهەر تەمەنێك بێت كە تا ئێستە لە هیچ قوتابخانەیەك نەیخوێندووە، پێویستە بەڕێگەی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ئاستی بۆ دیاری بكرێت ‌و بەگوێرەی تەمەن لە خوێندنی بنەڕەتی بەردەوام بێت.

بۆ قوتابیی دەرەكیش ئەگەر قوتابی بەتەمەن چووبێت ‌و دوای پۆلی چوار یان پێنج وازی لە خوێندن هێنابێت، 26 ساڵ بۆ كچ‌ و (23 ساڵ بۆ كوڕ بێت، دەتوانێت لە ڕێگەی خوێندنی دەرەكی ناوی تۆمار بكات ‌و بەقوتابی دەرەكی خوێندنەكەی تەواو بكات.

قوتابیانی ئامادەیی دابڕاو بڕیاری تایبەتی هەیە و ئەوەیە، هەر قوتابییەك لە پۆلەكانی ئامادەیی وازی هێنابێت، بەمەرجێك دوو ساڵ لەسەریەك بەكەوتوو هەژمار نەكرابێت، مافی گەڕانەوەی هەیە بۆ قوتابخانەكانی خوێندنی ڕۆژ بەگوێرەی تەمەن، یان ئەگەر دوو ساڵ زیاتر وازی لە خوێندن هێنابێت، دەتوانێت لە خوێندنی ئێواران بەردەوام بێت.



وشە - رامیار جەواد