بەپێی كتێبی گینیس، ئێستە ناوی پیاوێكی بەرازیلی بە تەمەنترین پیاوی دنیا نووسراوە، بۆیە لەبارەی هۆكاری تەمەندرێژییەكەوە، باس لە وەرزش و خۆراكی تەندروست ناكات، بەڵكو هۆكارەكەی بۆ خۆشەویستی دەگەڕێنێتەوە.
پێگەی "شەفەق نیوز" رۆشنایی خستووەتە سەر بەتەمەنترین پیاوی دنیا كە ناوی "جواو مارینیۆ نیتۆ"یە و خەڵكی بەرازیلە، ئێستە تەمەنی گەیشتووەتە 113 ساڵ، بەر لەویش جۆن تینیسوودی بەریتانی لە تەمەنی 112 ساڵی، بە تەمەنترین پیاوی دنیا لە كتێبی گینیس ناوی تۆمار كرابوو و لە ساڵی 2024 كۆچی دوایی كرد، بەدوایدا نیتۆ ناوی وەك بە تەمەنترین پیاوی دنیا چووە كتێبی گینیسەوە.
نیتۆ لە ساڵی 1912 لە شاری مارانجوابی لە ویلایەتی سیارای باكوری رۆژهەڵاتی بەرازیل، لە خێزانێكی جووتیار لە دایك بووە، ماوەی مانگێكە تەمەنی گەیشتووەتە 113 ساڵ و بەپێی تۆمارەكانی گینیس، ئێستە ئەو پیاوە بەرازیلییە بە بەتەمەنترین پیاوی دنیا هەژمار دەكرێت.
باس لەوە دەكرێ كە نیتۆ هەر لە منداڵییەوە بۆ كاری كشتوكاڵ یارمەتیی باوكی داوە، بەتایبەتی لە كێڵگەی مەڕوماڵات و بەخێوكردنی گا و مانگا، هەروەها كاركردن لەناو رەز و بەرهەمی میوەكان و فرۆشتنیان. دواتریش كە خێزانی پێكهێناوە، وردە وەردە خێزانەكەی گەورە بووە و ئێستە نیتۆ، حەوت كوڕی هەیە، 22 نەوەی هەیە، 15 منداڵی لە نەوەكانی هەیە، دواتریش سێ منداڵ لە نەوەی نەوەكانی هاتوونەتە ژیانەوە.
لە كۆتادا كە پرسیاری ئەوەیان لێ كردووە هۆكاری تەمەندرێژییەكەت چییە؟ ئەو نە باسی وەرزشی كردووە و نە خۆراكی تەندروست، بەڵكو هۆكاری تەمەندرێژییەكەی بۆ خۆشەویستیی خێزان و دەوروبەرەكەی گەڕاندووەتەوە و گوتوویەتی، تەواوی هۆكارەكەی ئەوەیە خۆت لەناو كەسە باشەكان دەبینی و هەمیشە هەست بە خۆشەویستییەكەیان دەكەیت، ئەوە وا دەكات دڵت بە ژیان خۆش بێت و دواتریش لە نەخۆشییەكان دوور بكەویتەوە. واتە هۆكارێكی تری تەمەندرێژیی، خۆشەویستییە.