نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان، لە میانی سەردانە فەرمییەكەیدا بۆ توركیا، لە ئەنقەرە لەگەڵ هاكان فیدان، وەزیری دەرەوەی توركیا، كۆبووەوە.
بە گوێرەی راگەیەنراوی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان، لە كۆبوونەوەكەدا، هەردوولا دووپاتیان لە خواستی دوولایەنە بۆ برەودان بە پێوەندییەكانی توركیا لەگەڵ عێراق و هەرێمی كوردستاندا كردەوە، هەروەها دەربارەی چۆنیەتیی فراوانكردنی بوارەكانی هاریكاریی هاوبەش، بیروڕایان گۆڕییەوە.
لە تەوەرێكی تری كۆبوونەوەكەدا باس لە پرسی ئاو لەنێوان توركیا و عێراقدا كرا. لەمبارەیەوە نێچیرڤان بارزانی داكۆكیی لە پێویستیی هاوئاهەنگی نێوان عێراق و توركیا كردەوە، بە شێوەیەك، بەڕێوەبردنی ئاو هەموو پێداویستییەكانی هەردوولا دابین بكات.