وەزارەتی ناوخۆی حكوومەتی هەرێمی كوردستان راگەیەنراوێكی بڵاو كردەوە و ئاماژەی بۆ ئەوە كردووە كە هەندێ هێز و كەسایەتیی دەرەوەی دامەزراوە فەرمییەكان، كە خۆیان لە سەرووی یاسا و ڕێككەوتن و دامەزراوەكانی دەوڵەت دەبینن، بەربەستی سەرەكیی بەردەم جێبەجێكردنی رێككەوتنی شنگال.
لە دەقی راگەیەنراوەكەدا هاتووە، پێنج ساڵ بەسەر واژووكردنی ڕێككەوتنی شنگال تێدەپەڕێت و هیچ كام لە تەوەرەكانی ئیداری، تەناهیی و بونیادنانەوە جێبەجێ نەكراون. ئەو ڕێككەوتنە نەخشەڕێگەی ئاساییكردنەوەی دۆخی شنگالە بۆ دابینكردنی سەقامگیری و ئۆقرەیی و گێڕانەوەی متمانە بۆ ئاوارەكان، تا بە ئازادی و سەربەرزی بگەڕێنەوە سەر زێدی باب و باپیرانیان، بۆیە جێبەجێكردنی كرایە بەشێك لە ڕێكەوتنی سیاسیی لایەنە پێكهێنەرەكانی حكوومەتی ئێستە و بەرنامەی كاری وزاریی حكوومەتی فیدراڵ. هەر دوو حكوومەتی هەولێر و بەغدا هەوڵیانداوە تەوەرەكانی ڕێككەوتنەكە جێبەجێ بكەن، بەڵام هەندێ هێز و كەسایەتیی دەرەوەی دامەزراوە فەرمییەكان، كە خۆیان لە سەرووی یاسا و ڕێككەوتن و دامەزراوەكانی دەوڵەت دەبینن، بەربەستی سەرەكیی بەردەم جێبەجێكردنن. ئەمەش بووەتە هۆكاری بەردەوامیی نەهامەتیی ئاوارەكان و بێئومێدی و كۆچكردنی ژمارەیەكی زۆریان بۆ دەرەوەی وڵات.
" حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە سەرەتاوە ئامادەبووە ئەركی سەرشانی جێبەجێ بكات بۆ زەمینەسازیی گەڕانەوەی خوشك و برایانی ئێزدی و هاووڵاتییانی تری ڕەسەن بۆ زێدی خۆیان، بە نیگەرانییەوە لە بەردەوامیی نەهامەتییەكانی ئاوارەكان دەڕوانین و ئۆباڵی هێشتنەوەی دۆخی ئەو ناوچەیە لەو بارە نائاساییە خراپە دەخەینە ئەستۆی ئەوانەی بە ئاشكرا ڕێگرن لە جێبەجێكردنی ڕێككەوتنی شنگال" وەزارەتی ناوخۆ وای نووسیوە.