لە كۆبوونەوەی نێچیرڤان بارزانی و ئەردۆغان چۆن باسی هەناردەی نەوتی كوردستان كرا؟

:: PM:06:17:09/10/2025 ‌
نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان، لە ئەنقەرە لەگەڵ ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆكی كۆماری توركیا كۆبووەوە.

لە كۆبوونەوەكەدا باسیان لە پێوەندییەكانی توركیا لەگەڵ عێراق و هەرێمی كوردستاندا كردووە، هەروەها بوارەكانی هاریكاریی هاوبەشی توركیا و هەرێمی كوردستان، دۆخی گشتیی عێراق، پرۆسەی سیاسی و هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، دۆخی ناوخۆی هەرێمی كوردستان و پێشهاتەكانی سووریایان تاوتوێ كرد.

بە گوێرەی راگەیەنراوی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان، هەردوولا ستایشی ئاستی پێوەندییەكانی توركیا و هەرێمی كوردستانیان كرد و ئامادەییان نیشان دا بۆ برەوپێدانی زیاتر بە هاریكاریی هاوبەش لە هەموو بوارەكاندا، بەتایبەتی لە بواری ئابووری و ئاڵوگۆڕی بازرگانی و هاریكاری لە كەرتی وزەدا.

هەر لەمبارەیەوە تیشكیان خستە سەر دەستپێكردنەوەی هەناردەكردنی نەوتی هەرێمی كوردستان بۆ بازاڕەكانی جیهان لە ڕێگەی بەندەری جەیهانی توركییەوە كە لە بەرژەوەندیی ئابووریی تەواوی عێراقدایە‌. هەردوولا هاوڕا بوون كە پرۆسەكە خزمەت بە ئارامی و سەقامگیریی عێراق بەگشتی دەكات.

ئەردۆغان بەردەوامیی پشتیوانی و پشتگیریی وڵاتەكەی بۆ عێراق و هەرێمی كوردستان دووپات كردەوە و پێوەندییەكانی وڵاتەكەی لەگەڵ هەردوولادا بە گرنگ و جێی بایەخی توركیا لە قەڵەم دا.

لای خۆیەوە نێچیرڤان بارزانی سوپاس و پێزانینی بۆ پشتیوانی و هاریكاریی توركیا لە عێراق و هەرێمی كوردستان دەربڕی و دووپاتی كردەوە كە توركیا دراوسێیەكی گرنگی هەرێمی كوردستان و عێراقە و دەتوانن لە زۆر بواردا و بۆ بەرژەوەندیی هاوبەش، پێكەوە هاریكاری بكەن.

پاراستنی ئارامی و سەقامگیریی ناوچەكە، هەنگاوەكانی پرۆسەی ئاشتی لە توركیا، دوایین پێشهاتەكانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و چەند پرسێكی تری جێی بایەخی هاوبەش، تەوەرێكی تری كۆبوونەوەكە بوو.



وشە - سه‌رخێڵ هاشم