ئەمڕۆ پێنجشەمە، نۆی تشرینی یەكەمی 2025، سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان لە ڕاگەیەنراوێكدا سوپاس و پێزانینی خۆی ئاراستەی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەركۆماریتوركیا كرد، بۆ بڕیاری هەڵگرتنی گەمارۆی ئاسمانی لەسەر فڕۆكەخانەی سلێمانی.
لە ڕاگەیەنراوەكەدا هاتووە، سەرۆكایەتیی هەرێم سوپاس و پێزانینی خۆی بۆ سەرۆكی توركیا "رەجەب تەیب ئەردۆغان" دووپات دەكاتەوە، كە ئەمڕۆ لە كۆبوونەوەكەیدا لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان، فەرمانی داوە گەشتە ئاسمانییەكانی هێڵی فڕۆكەوانیی توركیا بۆ سلێمانی دەست پێ بكەنەوە و ئاسمانی خۆی بەڕوویدا بكاتەوە.
سەرۆكایەتیی هەرێم دووپاتی كردووەتەوە كە ئەم بڕیارە لە چوارچێوەی پێوەندییە پتەوەكانی هەرێمی كوردستان و كۆماری توركیادا دێت" و دڵنیاییی خۆی نیشان داوە كە یارمەتیدەر دەبێت بۆ برەودانی زیاتر بە هاوكاریی هاوبەش.
هەروەها لە ڕاگەیەنراوەكەدا ئاماژە بەوە كراوە كە بڕیارەكە لە بەرژەوەندیی هەردوولا و بەتایبەتی لە بەرژەوەندیی هاووڵاتیان لە سنووری پارێزگای سلێمانی دەبێت.