ژمارەیەكی زۆر لە كارگە و پاڵاوگەی نایاسایی لە گەڕەكی تانجەڕۆی سلێمانی بوونی هەیە، ئەو كارگانە جگە لەوەی هیچ مۆڵەتێكی كاركردنیان نییە، هاوكات بەهۆی كارەكانیانەوە بوونەتە مەترسییەكی رژد لەسەر شارەكە.
ئێوارەی رۆژی پێنجشەمی رابردوو، یەكێك لەو كارگانە گڕی گرت كە تایبەت بوو بە ڕۆنی بەكارهاتووی ئۆتۆمبێل، بەڵام لە پاڵ ئەو كارگانەدا چەندان پاڵاوگەی نایاسایی و عەمباری پڕ لە بەنزین بوونیان هەیە.
بەپێی بە دواداچوونەكانی "وشە" تا دێت ژماری ئەو كارگانە روو لە زیادبوون دەكەن كە سەرجەمیان نایاسایین، بەڵام بە واسیتە و بە پاڵپشتی چەند بەرپرسێكی یەكێتی كارەكانیان دەكەن.
كارمەندێكی ئاگركوژێنەوە سلێمانی كە رۆڵی لە كوژاندنەوەی ئاگرەكەی رۆژی پێنجشەمی رابردووی كارگەیەكی رۆن لە تانجەڕۆ هەبوو، ئەو مەترسییەی بە "وشە" گوت كە ئەو كارگانە بەهۆی عەمباری زۆری بەنزین، هاوكات پاڵاوگەی نایاسایی، وەك بۆمبی كات بۆ دانراون و لە هەركاتێكدا بێت، كارەسات لە سلێمانی دروست كرد.
ناوی ئەو كارمەندە لای "وشە" پارێزراوە و ئەوەیشی گوت، چەندان نهێنی و كاری مەترسیدار لەناو كارگەكاندا دەكرێن كە نە لەگەڵ رێنوێنی تەندروستی و نە لەگەڵ رێنوێنی بەرگریی شارستانی ناگونجێن.
دووپاتی كردەوە كە ئەگەر حكوومەت فریای ئەو كارگانە نەكەوێت، ئەوە بە دڵنیاییەوە لە داهاتوو مەترسیی گەورە لە سلێمانی دروست دەكەن. بە گوتەی ئەو لە هەر كاتێكدا بێت ئەگەری تەقینەوە و ئاگركەوتنەوەی هەیە.