گرێبەستێكی گرنگ واژوو كرا، بەپێی ئەو گرێبەستە پڕۆژەی ئاوی سلێمانی3 دەست بە جێبەجێكردنی دەكرێت، بەمەیش بۆ 30 ساڵی داهاتوو كەمیی ئاو لەو شارە كۆتایی دێت.
ئەمڕۆ یەكشەم 12ی تشرینی یەكەم، بە ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و ساسان عەونی وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار، پڕۆژەی ئاوی دوكان- سلێمانی3، بە گوژمەی 423،890،000 دۆلار لە نێوان وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار و كۆمپانیای هابیكا واژوو كرا.
ڕێوڕەسمی واژووكردنەكە لە شاری هەولێر و لە دیوانی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار، بە بەشداریی بریكار و ڕاوێژكارانی وەزارەت و جێگری پارێزگاری سلێمانی و كۆمپانیای جێبەجێكار و ژمارەیەكی تر لە بەڕێوەبەرانی گشتی و بەڕێوەبەران و فەرمانگەكانی تایبەتمەند بە پڕۆژەكە بەڕێوە چوو.
ساسان عەونی وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار، لە بەشێكی وتارەكەیدا خۆشحاڵی خۆی بە واژووكردنی گرێبەستەكە دەربڕی و پیرۆزبایی لە دانیشتووانی شاری سلێمانی كرد. ڕاشی گەیاند، خۆمان بە خۆشحاڵ دەزانین ئەمڕۆ گرێبەستێكی تری گرنگی پڕۆژەیەكی گەورەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، بۆ خزمەتكردنی هاووڵاتییان لە سێكتەری ئاو بۆ شاری سلێمانی واژوو دەكەین، ئەویش گرێبەستی پڕۆژەی (هێڵی سێیەمی ئاوی دوكان- سلێمانی3) بە بڕی 423،890،000 دۆلار لەسەر بودجەی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار، كە كێشەیەكی بەرچاو و لەمێژینەی ئاوی سلێمانی چارەسەر دەكات.
ساسان عەونی وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار گوتی، ئەم پڕۆژەیەی ئاوی دوكان-سلێمانی3 هاوشێوەی پڕۆژە گەورەكانی تری حكوومەت، لە چوارچێوەی پلانی ستراتیجی و كارنامە و هەنگاوەكانی كابینەی نۆیەمی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و دیدگەی ڕێزدار مەسروور بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، بۆ چارەسەركردنی كێشە لەمێژینەكانی كەمئاوی لە شارەكان دانراوە.
وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار لەبارەی بیرۆكەی جێبەجێكردنی پڕۆژەكە رای گەیاند، پڕۆژەی دوكان- سلێمانی3 لە مانگی ئەیلوولی 2024 گرنگی ئەم پڕۆژەیەمان بۆ سەرۆكایەتیی ئەنجوومەنی وەزیران بەرز كردەوە، پێویستی شاری سلێمانیمان بە جێبەجێكردنی ئەم پڕۆژە ستراتیجییە خستەڕوو، لە مانگی كانوونی دووەمی 2025 لەلایەن جەنابی سەرۆكی حكوومەتەوە ڕەزامەندیی جێبەجێكردنی ئەم پڕۆژەیە درا، بەڵام دواتر گوژمەی پڕۆژەكە بۆ بڕی 423،890،000 دۆلار بەرز كرایەوە و ئەمڕۆش گرێبەستەكەی واژوو كرا.
پرۆژەی ئاوی دوكان- سلێمانی3، پڕۆژەیەكی گەورە و ستراتیجی و درێژمەودایە و ڕۆڵی گەورەی دەبێت لە چارەسەركردنی كێشەی ئاوی خواردنەوەی سلێمانی و بەشێك لە ناوچەكانی دەوروبەری، پڕۆژەكە لە چەندان بەشی گرنگ پێكدێت، وەك بەشی وەرگری ئاو لەسەر زێی بچووك و وێستگەی خاوێنكردنەوەی ئاو بە توانای (480،000 مەتر سێجا) لە ڕۆژێكدا كە بڕیارە لە قۆناغی یەكەمدا (240،000 مەتر سێجا)ی لێ جێبەجێ بكرێت. هەروەها دوو وێستگەی ناوەندی پاڵنان و بەرزكردنەوەی ئاو و دوو هێڵی سەرەكیی گواستنەوەی ئاو لە دوكان بۆ سلێمانی بە تیرەی 1400ملم بە درێژی 112 كلم، لەگەڵ هێڵی كارەبا كە كوالێتیی ئاوی بەرهەمهاتوو لە بەرزترین ئاست دەبێت و بەپێی ستانداردی عێراقی و جیهانی دەبێت.
ساسان عەونی وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار، ئاماژەی بە پڕۆژەكانی تری حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە سێكتەری ئاوی خواردنەوەی شار و شارۆچكەكان دا و گوتی، سێكتەری ئاو یەكێكە لەو سێكتەرانەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان هەوڵی داوە لە ڕیزبەندی یەكەمی كارەكانی بێت، سەرەڕای هەر بارودۆخێكی سەختی ئابووری كە ڕووبەڕووی كوردستان بووەتەوە.