ئاڤێستا مام یەحیا: ناتوانن بمانوەستێنن

:: PM:02:35:12/10/2025 ‌
ئاڤێستا مام یەحیا كاندیدی ژمارەی دووی پارتی دیموكراتی كوردستان لە بازنەی هەولێر، لەبارەی دڕاندنی فلێكسەكانی رای گەیاند، ناتوانن بمانوەستێنن. 

ئاڤێستا مام یەحیا نووسیویەتی، لە كۆیە و دەوروبەری، هەڵمەتێكی ڕێكخراو بەڕێوە دەچێت بۆ دڕاندن و شێواندنی فلێكسەكان، مەبەست لەم هەڵمەتە ڕوونە كە لە ئامادەیی و بوون و دڵسۆزیمان دەترسن و دەیانەوێت لە بەرچاوی خەڵكی كۆیە و دەوروبەریدا ونمان بكەن، نازانن ئێمە وەك بنەماڵەی شەهید مام یحیا، لە دڵی خەڵكی كۆیە و دەوروبەر و جەماوەری خۆمانداین.

"ئەو دەستەی ئەو كارە دەكات، چ حزبێكی دیاریكراو بێت یان كەسانی نەفسنزم بن، لە سەنگ و پێگە و ناو و ناوبانگمان دەترسن، جیا لەوەش ئەم كارە قێزەونەیان نیشانەی تێنەگەیشتنیانە لە پرۆسەی دیموكراسی و قبووڵكردنی ڕای جیاواز"، كاندیدەكەی پارتی وای نووسیوە.

دووپاتی كردووەتەوە كە "سوورین لەسەر ئامانجەكەمان و هەنگاوەكانمان بەرەو سەركەوتنە، ئەو هەوڵە نەزۆكانە سوورترمان دەكات لەسەر خزمەتكردنی خەڵكی خۆشەویستی كۆیە و دەوروبەری".



وشە - سه‌رخێڵ هاشم