ئومێد سەباح، سەرۆكی دیوانی ئەنجوومەنى وەزیران رای گەیاند، بەڵێن لە سوودانی وەرگیراوە ئەم هەفتەیە مووچەی مانگی هەشت رەوانە بكرێت، دوای بڕیارەكەیش داهاتی ناوخۆ رەوانە دەكەین.
ئومێد سەباح، لە لێدوانێكی رۆژنامەوانی گوتی، قسە لەگەڵ سوودانی كراوە، بەڵێنی داوە ئەم هەفتەیە مووچەی مانگی هەشت رەوانە بكرێت، هەركاتێك بڕیاری مووچە بدرێت داهاتی ناوخۆ ئامادەیە و رەوانە دەكرێت.
ئاماژەی بۆ ئەوەیش كرد، لەگەڵ وەزیرە كوردەكان لەسەر هێڵین بۆ ئەوەی هیچ كێشەیەك بۆ مووچەی ئەمساڵ دروست نەكرێت، ئێستە لەسەر حكوومەتی عێراقە وەڵامی كوردستان بداتەوە و مووچە رەوانە بكرێت.
هەروەها ئاماژەی بۆ ئەوە كرد، نووسراوێكی فەرمی لەلایەن مەسروور بارزانییەوە ئاراستەی سوودانی كراوە، بۆ ئەوەی رێككەوتنێكی بنەڕەتی لەسەر داهاتی نانەوتی بكرێت و رێككەوتنێكی حكوومی بێت.
دووپاتیشی كردەوە، ئێستە چاوەڕوان دەكرێت وادەیەك دیاری بكرێت بۆ ئەوەی دەست بە گفتوگۆكان بكرێت.