سەرۆك بارزانی: جێبەجێكردنی دەستوور ڕێگەچارەی یەكجارییە بۆ رزگاربوونی عێراق

:: PM:05:29:13/10/2025 ‌
سەرۆك بارزانی، لە پیرمام پێشوازیی لە جەنەراڵ دەیڤد پێتریۆس، سەرۆكی پێشووی دەزگای هەواڵگریی ئەمەریكا (سی ئای ئەی) كرد.

بارەگای بارزانی بڵاوی كردەوە، لە دیدارەكەدا جەنەراڵ دەیڤد پێتریۆس خۆشحاڵیی خۆی بە دووبارە دیتنەوەی سەرۆك بارزانی نیشان دا، هەروەها ئاماژەی بەوەدا، دواهەمین جار سەرۆك بارزانیی بینیوە لە بەرەكانی جەنگ لە سحێلا بووە لە ساڵی 2016. هەروەها ستایشی ڕۆلی بەرچاوی سەرۆك بارزانی و هەرێمی كوردستانی كرد كە لە پێناو پاراستنی سەقامگیری و ئاسایشی هەرێمی كوردستان و عێراق و ناوچەكە لەپێناو بەدیهێنانی ئارامی و دیموكراسی و پێكەوەژیان، ڕووبەڕووی ئەو گرووپ و رێكخراوە تیرۆریستییانە بوونەوە كە دوای ساڵی 2003 لە عێراق سەریان هەڵدا و بوونە هەڕەشەیەكی راستەقینە بۆ سەر تەواوی ناوچەكە و جیهان.

لای خۆیەوە سەرۆك بارزانی بەخێرهاتنی جەنەراڵ دەیڤد پێتریۆسی كرد، هەروەها سوپاسی هێزەكانی هاوپەیمانان و ئەمەریكای كرد كە ڕۆلێكی بەرچاویان بینیوە لە پڕۆسەی ئازادكردنی عێراق لە دیكتاتۆرییەت و دوای ئەوەش پاڵپشتییەكانیان بۆ هێزی پێشمەرگە و هێزە تەناهییەکانى عێراق لەپێناو بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و پاراستنی سەقامگیریی عێراق و هەرێمی كوردستان. 

لەبارەی پڕۆسەی سیاسیی عێراق، سەرۆك بارزانی دووپاتی لە جێبەجێكردنی بڕگەكانی دەستووری هەمیشەیی عێراق كردەوە كە ڕێگەی چارەی یەكجارییە بۆ رزگاربوونی عێراق لەو تەنگژە سیاسییانەی كە تێیدایە و هیوای خواست هەموو لایەنە سیاسییەكان پێكەوە بەدوای چارەسەری گرفتەكانەوە بن و واز لە تۆڵەسەندنەوە و ڕق و كینە بەرانبەر بە یەكتری بێنن. 

هەروەها سەرۆك بارزانی رەشنووسی یاسای نەوت و گازی ساڵی 2007ـی بە نموونە هێنایەوە كە ئەگەر ئەوكات پەسەند و جێبەجێ كرابا، ئێستە هیچ گرفتێكی یاسایی لەبارەی نەوت و گاز نەدەبوو، دووپاتیشی لە دوایین رێككەوتنی نێوان حكوومەتی هەرێمی كوردستان و حكوومەتی فیدراڵی عێراق كردەوە لە بارەی نەوت گاز و بە ئەرێنی وەسفی كرد و هیوای خواست ئەم رێككەوتنە ببێتە بناخەیەك بۆ چارەسەری هەموو كێشەكان.

هەر لەو دیدارەدا بارودۆخی سیاسی و گۆڕانكارییەكانی ناوچەكە بە گشتی و دۆخی سووریا و هەنگاوەكانی پڕۆسەی ئاشتی لە توركیا، خرانە بەر باس و گفتوگۆ.


وشە - سه‌رخێڵ هاشم