مەسروور بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، بەمەبەستی چارەسەریی ڕیشەیی و درێژمەودای گرفتی كەمئاوی لە سنووری كۆیە، ڕەزامەندیدا لەسەر خەرجكردنی بڕی 112 ملیار و 147 ملیۆن و 52 هەزار و 585 دینار بەشێوەی نەختینە و قۆناغ بۆ جێبەجێكردنی گەورە پڕۆژەی گرنگ و ستراتیجی ڕاكێشان هێڵی دووەمی ئاوی خواردنەوە بۆ كۆیە.
پارێزگای هەولێر بڵاوی كردەوە كە دوای تەواوبوونی دووسایدی هەولێر – كۆیە پێشبینی دەكرێت سەنتەری كۆیە زیاتر فراوان بێت و ئەو هێڵەی ئاویش كە ئێستە لە قەزاكەدا هەیە بەشی هەموو دانیشتوانەكەی ناكات و گرفتی كەمی ئاوی خواردنەوەی هەیە، بۆیە بڕیار لە جێبەجێكردنی ئەو پڕۆژەیە دراوە، كە یەكێك دەبێت لەو پڕۆژە گەورە و ستراتیجییانەی لە سنووری پارێزگای هەولێر لەلایەن حكوومەتی هەرێمی كوردستانە دەست بەجێبەجێكردنی دەكرێت و، بەتەواوبونی پڕۆژەكە و ڕاكێشانی ئاو لە زێی بچووك، سەنتەری قەزای كۆیە و ناحیەكانی سەربەقەزاكە لێی سوودمەند دەبن.
دوای ڕەزامەندیی سەرۆك وەزیرانی كوردستان لەسەر خەرجكردنی گوژمەی پڕۆژەكە، لەو نزیكانە كار لەسەر قۆناغەكانی پرۆسەی دەستپێكردنی پڕۆژەكە دەكرێت و دەكەوێتە بواری جێبەجێكردنەوە و لە لایەن كۆمپانیایەكی ناوخۆیی و بە دیزانێكی سەردەمیانەی ئەوروپی و نوێترین تەكنەلۆجیا و كرێكاری خۆماڵی كاری بۆ دەكرێت.