بڕیار لە فراوانكردنی بازرگانی و هاتوچۆ و گەشتیاری لەنێوان كوردستان و توركیا درا

:: PM:06:01:13/10/2025 ‌
نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان، پێشوازیی لە بیرۆل ئەكیجی، پارێزگاری شرنەخی توركیا و شاندێكی یاوەری كرد كە لە سەرۆكی شارەوانی و سەرۆكی ژووری بازرگانیی شرنەخ و سەرۆكی ژووری بازرگانیی جزیر پێكهاتبوو.

لە دیدارێكدا كە پارێزگاری هەولێر و كونسوڵی گشتیی توركیا لە هەرێمی كوردستان ئامادەی بوون، پێوەندییەكانی توركیا لەگەڵ عێراق و هەرێمی كوردستان و ئاڵوگۆڕی بازرگانی و چۆنیەتیی برەودان بە چالاكیی ئابووری و زانكۆیی و كولتووریی نێوانیان خرانە بەر باس.

هەردوولا داكۆكییان لە خواستی دوولایەنە بۆ برەودانی زیاتر بە هاریكاریی هاوبەش و فراوانكردنی بوارەكانی بازرگانی و هاتوچۆ و گەشتیاری لەنێوان هەرێمی كوردستان و توركیادا كرد. لەمبارەیەوە باس لە ئاستی پەیوەندییەكانی شرنەخ لەگەڵ هەولێر و پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان كرا.

كاریگەریی پرۆسەی ئاشتی لەسەر بەرەوپێشچوونی ناوچەكە، فڕۆكەخانەی شرنەخ كە بەهۆی نزیكییەوە لە سنوور، خزمەت بە گەشتیارانی هەرێمی كوردستانیش دەكات، لایەنێكی تری دیدارەكە بوو.



وشە - سه‌رخێڵ هاشم