مەزڵووم عەبدی: بۆ گفتوگۆكردن لەگەڵ توركیا حكوومەتی هەرێم هاوكارمانە

:: AM:08:35:14/10/2025 ‌
كۆمەڵێك مامۆستای زانكۆ، قوتابی و توێژەری كورد و ئەمەریكی، ئیسرائیلی، بەریتانی و چەند وڵاتی تر، ئەمشەو گفتوگۆیەكیان لەگەڵ مەزڵووم عەبدی ئەنجام دا، پرسی سووریای نوێ و داهاتووی ڕۆژئاوای كوردستان بە وردی باسی لێ كرا. 

یەكێك لە بەشدارانی گفتوگۆكە مەیسەم مورادی رای گەیاند، باس لە پێوەندیی باشوور و ڕۆژئاوای كوردستان كرا و عەبدی گوتوویەتی، پێوەندییەكان زۆرباشن و كۆبوونەوەی لەگەڵ كاك مەسعوود زۆر بە گرنگ زانی، "داوامان كردووە حكوومەتی هەرێم ببێتە هاوكار بۆ گفتوگۆكردن لەگەڵ توركیا."

‏مورادی باسی لەوە كردووە لە وەڵامی پرسیارێكی ئەودا لەبارەی دەوری وڵاتانی عەرەبی، بەتایبەت ئوردن، ئیمارات و عەرەبستانی سعوودی، جەنەراڵ مەزڵووم گوتی، هەموو ئەو وڵاتانە دەوری گرنگ دەبینن لە داهاتووی سووریا، وەك هەسەدە هەوڵ دەدەن پێوەندیی باشیان لەگەڵ ئەو وڵاتانەدا بێت، بەتایبەت پێداگریی لەسەر ئەو خاڵە كرد كە قەتەر وڵاتێكە پاڵپشتیی تەحریر شام دەكات و هاوكات بۆچوونی جیاوازی لەگەڵ ئەو وڵاتەكانی تری عەربیدا هەیە.

‏فەرماندەی هەسەدە بۆ بەشدارانی گفتوگۆكە باسی لەوە كردووە، هێزەكانی هەسەدە ئەڵتەرناتیڤی تایبەت بەخۆیان هەیە، ئەگەر ئەمەریكا بكشێتەوە و وڵاتانی  وەك فڕەنسا دەتوانن دەوری گرنگ ببینن.

‏عەبدی ئاماژەی بەوە داوە، پێوەندیی هەسەدە و ئیسرائیل باشە و ئیسرائیل دەتوانێت ببێتە یارمەتیدەری هەسەدە بۆ ڕاوێژی باش بە ئەمەریكا لەبارەی  پێگەی كورد لە سووریا. 

مەیسەم مورادی بەشداربووی گفتۆگۆكە و توێژەری نێودەوڵەتی ئەوەی گوتووە، زۆر بەباشی دەزانم سیستمی نێودەوڵەتی چ ئاژاوەخانەیەكە، قسەكانی جەنەراڵ عەبدی جێگەی دڵخۆشی بوو. بەجوانی دیاربوو كە لەسەر سیستمی نێودەوڵەتی بەوردی كار دەكەن بۆ بەرەوپێشەوەچوون. 



وشە - سۆران عەزیز