مەسروور بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، پێشوازیی لە باڵوێزی فڕەنسا لە عێراق كرد، سەرۆكی حكوومەت دووپاتی كردەوە كە ئێمە خوازیاری ئەوەین باشترین پێوەندیمان لەگەڵ حكوومەتی فیدراڵ هەبێت، لەسەر بنەمای ڕێزگرتن لە مافە دەستوورییەكان و قەوارەی فیدراڵیی هەرێمی كوردستان و دابینكردنی بەشە بودجەی تایبەت بە هەرێم لە بودجەی گشتیی عێراقدا.
ئەمڕۆ سێشەم 14ـی تشرینی یەكەم، مەسروور بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، پێشوازیی لە پاتریك دۆرێل باڵوێزی فڕەنسا لە عێراق كرد.
لە دیدارەكەدا كە یان برێم كونسوڵی گشتیی فڕەنسا لە هەرێمی كوردستان ئامادەی بوو، دۆخی گشتیی عێراق و ناوچەكە و چارەسەركردنی كێشەكانی هەرێمی كوردستان و حكوومەتی فیدراڵ تاوتوێ كرا.
سەرۆكی حكوومەت رای گەیاند، ئێمە خوازیاری ئەوەین باشترین پێوەندیمان لەگەڵ حكوومەتی فیدراڵ هەبێت، لەسەر بنەمای ڕێزگرتن لە مافە دەستوورییەكان و قەوارەی فیدراڵیی هەرێمی كوردستان، دابینكردنی بەشە بودجەی تایبەت بە هەرێم لە بودجەی گشتیی عێراقدا. گوتیشی هیوادارین ڕێككەوتنی ئەمدواییەی هەناردەكردنەوەی نەوتی هەرێمی كوردستان، ببێتە ڕێخۆشكەر بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی نێوان هەردوولا.
باڵوێزی فڕەنسا دەستخۆشی پڕۆژە چاكسازییەكانی لە سەرۆكی حكوومەت كرد، ستایشی گرنگیدانی حكوومەتی هەرێمی كوردستانی بە ئەنجامدانی پڕۆژەی تایبەت بە ژینگەپارێزی كرد.
هەروەها باسی لە سەردانی چاوەڕوانكراوی ئیمانوێل ماكڕۆنی سەرۆك كۆماری فڕەنسای بۆ عێراق و هەرێمی كوردستان لە مانگی 12ی ئەمساڵدا كرد.
لە بەشێكی تری دیدارەكەدا، بیروڕا لەبارەی هەوڵ و گفتوگۆكانی پێكهێنانی كابینەی نوێی حكوومەتی هەرێم و پرۆسەی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ئاڵوگۆڕ كرا.