كاندیدێكی پارتی: وا دەكەین مادەكانی دەستوور وەك خۆی جێبەجێ بكرێن

:: PM:03:29:14/10/2025 ‌

كاندیدێكی پارتی دیموكراتی كوردستان رای گەیاند، سەرباری ئەوەی عێراق لە ماوەی ساڵانی رابردوو ستەمی زۆری لە هەرێم كردووە، بەڵام شارەكانی كوردستان بەردەوام لە گەشەكردن و ئاوەدانیدان. 

ئەمڕۆ سێشەم 14ی ئۆكتۆبەر، رەشا تالیب كاندیدی پارتی دیموكراتی كوردستان لە بازنەی نەینەوا، بۆ "وشە" گوتی، عێراق لە دوای ساڵی 2003 كاری لەسەر تێكدانی كوردستان كردووە بەشێوەیەكی تر، لە كاتێكدا لە پێش ئەو وادەیەشدا كورد ئەنفال كراوە و قوربانی داوە. 

ڕوونیشی كردەوە كە سەرباری هەموو ئەو ستەمەی لە هەرێمی كوردستان كراوە و بودجەی بڕاوە، بەڵام كوردستان بەردەوام لە گەشەسەندندا بووە، بەتایبەت ئەو ئاوەدانییە لە ڕووی ئاسایشی ئاو و كارەبای 24 سەعاتی و رێگەوبانەكاندا كراوە. 

ئەو كە ژمارەی 20 لە لیستی 275 و هەڵگری بڕوانامەی یاسایە، دووپاتی لەوە كردەوە كە بە چوونیان بۆ بەغدا، كار لەسەر ئەو مادە دەستوورییانە دەكەن كە تا ئێستە جێبەجێ نەكراون، چونكە دەستوور بنەمای چارەسەری كێشەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و عێراقە. 

جێی ئاماژەیە كە پارتی دیموكراتی كوردستان بە ژمارەی 275 بەشداری لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دەكات. 


 



وشە - سه‌رخێڵ هاشم