سەرۆك بارزانی: دوای هەڵبژاردن پێكەوە كار لەسەر دەركردنی یاسایەكی نوێ‌ بكەن

:: PM:03:55:14/10/2025 ‌
لە پیرمام سەرۆك بارزانی پێشوازیی لە پاتریك دورێل باڵوێزی فڕەنسا لە عێراق كرد.

بارەگای بارزانی بڵاوی كردەوە، لە دیدارەكەدا كە یان برێم كونسوڵی گشتیی فڕەنسا لە هەولێر ئامادەی بوو. باڵوێزی فڕەنسا سوپاسی سەرۆك بارزانی كرد بۆ بەشداربوونیان لە رێوڕەسمی كردنەوەی ڕێڕەوی پێشمەرگە لە پاریس، ئەمەی بە هەنگاوێكی ئەرێنی ناو برد لە پێناو قووڵتركردنەوەی پێوەندییەكانی نێوان گەل و حكوومەتی فڕەنسا و هەرێمی كوردستان.

 هەروەها كردنەوەی ڕێڕەوی پێشمەرگەی لە پاریس بە هێمای ڕێز و پێزانینی گەلی فڕەنسا وەسف كرد، بۆ قوربانیدان و ڕۆڵی بەرچاوی هێزی پێشمەرگەی كوردستان لە رووبەڕووبوونەوە و تێكشكاندنی داعش و گرووپە تیرۆرستییەكان و پاراستنی ئەمن و ئاسایشی ناوچەكە.

هەروەها پشتیوانی وڵاتەكەی بۆ هێزی پێشمەرگە و هەرێمی كوردستان دووپات كردەوە.

لای خۆیەوە سەرۆك بارزانی سوپاسی گەل و حكوومەتی فڕەنسا و شارەوانی و سەرۆكی شارەوانیی پاریسی كرد، لە پێناو ئەو بڕیارە مێژووییەی بۆ كردنەوەی ڕێڕەوی پێشمەرگە لە ناوجەرگەی پاریس دایان، ئەوەی بە سیمبولێك بۆ تێكۆشان و قوربانیدانی پێشمەرگە لە پێناو ئازادیدا وەسف كرد.

لەبارەی پرۆسەی سیاسیی عێراق و هەڵبژاردنی داهاتووی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، سەرۆك بارزانی باسی لەوە كرد كە سەرەڕای سەرنجی زۆرمان لەسەر یاسای هەڵبژاردنەكانی عێراق كە كەموكوڕی زۆری تێدایە، بەشداریی هەڵبژاردن دەكەین، گرنگە دوای هەڵبژاردن هەموو ئەو لایەنە سیاسییانەی دەیانەوێت شەفافییەت لە هەڵبژاردندا هەبێت، پێكەوە كار لەسەر دەركردنی یاسایەك بكەن بۆ هەڵبژاردنەكان كە یەكسانی و دادپەروەریی تێدابێت، چونكە ئەم یاسایەی ئێستە كاری پێ دەكرێت، یاسای ساڵی 2010یە و ئەوكات بەڵێنمان پێ درا كە مادەی 140ـی دەستوور جێبەجێ بكرێت، یاساكەش بۆ تەنیا یەك خولی هەڵبژاردن كاری پێ بكرێت، بەڵام ئەم یاسایە تا ئێستە بەردەوامە و بەڵێنەكانیش جێبەجێ نەكران.



وشە - سه‌رخێڵ هاشم