نێچیرڤان بارزانی: حكوومەت زۆر زیاتر بۆ كوردستان دەكات

:: PM:04:51:14/10/2025 ‌
نێچیرڤان بارزانی، جێگری سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان رای گەیاند، هیچ شتێك موستەحیل نییە ئەگەر كادرانی پارتی دەست پێ بكەن، بۆیە كادیرانی "ئێمە" جێی سەربەرزین. 

جێگری سەرۆكی پارتی گوتی، پارتی خاوەنی گەورەترین شانازییە، بۆیە دەبێت هەروا بمێنێتەوە، كاتێك لە بەغدا و وڵاتانی دەورەبەر دێتە سەر باسی مافی كورد، تەنیا پارتی بە خاوەنماڵ دەزانن، لەگەڵ ئەوەیش پارتی لە هەرشوێنێك بێت ئاوەدانی لەوێ‌ هەیە. 

نێچیرڤان بارزانی دووپاتی كردەوە، دوای هەڵبژاردن قۆناغێكی نوێ‌ دەست پێ‌ دەكات و دەبێت دەستوور جێبەجێ بكرێت. 

هەروەها گوتی، هیچ حزبێك لە كوردستان ركابەری پارتی نییە و خەمخۆری گەورەی هەولێر و كوردستان پارتی بووە، بۆیە چاومان لەوەیە ملیۆنێك دەنگ بە دەست بێنین، چونكە گەلی كوردستان بڕوانامەی ئارامی و ئاوەدانی داوەتە پارتی. 

هەروەها مژدەی دایە خەڵكی كوردستان، كە حكوومەتی هەرێمی كوردستان زۆر زیاتر بۆ كوردستان دەكات. 

جێگری سەرۆكی پارتی گوتی، ئەوانەی بێ‌ هیوان لە پڕۆسەی سیاسیی عێراق، دەبێت مافی خۆیان وەربگرن لە ڕێی سندوقی دەنگدان، چونكە یەكلاكردنەوەی پڕۆسەی سیاسی لە عێراق بە سندوقی دەنگدان دەكرێت. 

دووپاتی كردەوە، پارتی لە ژینگەیەكی ئارام گەشە دەكات، "ئێمە خاوەنی قەزیەین، دەبێت پارتی لە بەغدا بەهێز بێت".


وشە - سه‌رخێڵ هاشم