نێچیرڤان بارزانی: ئەمجارە تمووحمان ئەوەیە كە پارتی ببێتە خاوەن یەك ملیۆن دەنگ

:: PM:09:27:14/10/2025 ‌

ئەمڕۆ سێشەم نێچیرڤان بارزانی لە ڕێوڕەسمی ناساندنی كاندیدەكانی بازنەی هەولێری لیستی 275ی پارتی دیموكراتی كوردستان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق گوتارێكی پێشكەش كرد و ئاماژەی كرد كە هەڵبژاردنێكی گرنگ و هەستیارە و سەرەتای قۆناغێكی نوێیان لەپێشە بۆ جێبەجێكردنی دەستووری عێراق و بەدیهێنانی مافەكانی گەلی كوردستان، دووپاتی لە بەشداریی فراوانی جەماوەر و دەنگدەرانی پارتی لەو هەڵبژاردنەدا كردەوە.

نێچیرڤان بارزانی لە دەقی گوتارەكەی رای گەیاند، مەبەستمان لەم گردبوونەوەیە ئەوەیە كە پێكەوە بەرەو هەڵبژاردنێكی تر دەچین و دەبێ ئەو پەیمانەمان نوێ بكەینەوە، لەگەڵ خوێنی شەهیدانمان ماندووبوونی پێشمەرگە قارەمانەكانمان، شەهیدانی كە لە پێناو ئەم ئازادییەی ئێمە خۆیان بەخت كرد و شەهید بوون، دەبێ هەموو ئەو ئازیزانە بەیاد بێنینەوە كە لە سایەی خەبات و ماندووبوونی ئەوان، تاوەكو ئێستاش پارتی بەردەوامە بە گەورەیی و بە هێزەوە بەرەو پێشەوە هەنگاو دەنێت، تاوەكو پارتی خەڵكی وەكوو ئێوەی هەبێ و پشتیوانی وەكوو ئێوەی هەبێ، بێگومان بەردەوام دەبێ و یەك خولەكیش لە خەبات كۆڵنادا بۆ گەیشتن بەو ئامانجانەی كە خەباتمان بۆی كردووە و شەهیدمان بۆی داوە.

لە دەستپێكردنی قسەكانم دەمەوێت لە دڵەوە سوپاسی شاری خۆشەویستی هەولێر و دەوروبەری هەولێر بە هەموو شار و شارۆچكەكان و گوندەكانیانەوە بكەم، بەڕاستی ئەوەی هەمیشە لە سەنگەری پێشەوە بوون و لە قۆناغی سەختدا و لە قۆناغی زۆر بە زەحمەتدا پشتیوانیی پارتیان كردووە و گەیشتۆتە ئەم رۆژە، بەتایبەتی خەڵكی خۆشەویستی شاری هەولێر و دەوروبەر جێی سوپاس و ڕێز و خۆشەویستین.

هەروەها سوپاسێكی تایبەتی هەموو خەڵكی كوردستان دەكەم، مووچەخۆرانی كوردستان ئەوانەی كە تەحەمولیان كردووە. ناحەزانی هەرێم و ناحەزانی كوردستان لەو بڕوایەدا بوون شایستە دارایییەكان كە موستەحەقاتی خەڵكی هەرێمی كوردستانن، ئەو شایستە داراییانەیان بۆ نانێرن خەڵك هەڵدەستێتەوە و ڕێگەی تر دەگرێتە بەر، بەڵام هەمووتان ئەوەتان سەلماند كە چۆن لە ڕۆژە سەختەكاندا لە پشت حزبی خۆتان و لە پشت كوردستان بوون، ئاوا بۆ دۆست و دوژمن سەلماندتان كە جارێكی تر پارتی پێشڕەوە و كۆڵ نادات و پەنا بەخوا بەرەو سەرفەرازی دەڕۆین.

ئەم هەڵبژاردنە هەڵبژاردنێكی ئاسایی نییە، زۆر جار پرسیار دێتە پێش، ئێمە بۆ دەبێ بە گوڕ و تینەوە لەم هەڵبژاردنانەدا بەشدار بین؟ من دەمەوێت پێتان بڵێم، ئەمە قۆناغێكی یەكجار زۆر گرنگە لە عێراق، پێش ئێستا قۆناغێكمان هەبوو لە ساڵی دوو هەزار و پێنج كە حكوومەتی نوێی عێراق دامەزرا و دەستووری عێراق دەنگی لەسەر درا، ئەوە پێناسەی سیستەمی عێراق لەو وەختەوە كرا، بەڵام دوای ئەوە عێراق كەوتە ناو كێشە و ناڕەحەتیی یەكجار زۆر لە شەڕی ناوخۆ، لە مەسەلەی داعش، لەمانە هەمووی كێشەی گەورە لە عێراقدا دروست بوو، ئەم هەڵبژاردنانە بۆ هەرێمی كوردستان گرنگن چونكە سەرەتایەكی نوێ لە عێراق دەست پێدەكات، سەرەتایەك كە ئێمە ناوی لێ دەنێین جێبەجێكردنی دەستووری عێراق كە بۆ پارتی و بۆ كوردستان زۆر زۆر گرنگە ئەم قۆناغەی كە ئێستا لەپێشمانە، لەبەر ئەوە دەبێت بەڵێنی خۆمان بۆ خوێنی شەهیدانمان، بەڵێنی خۆمان بۆ پێشمەرگە قارەمانەكانمان دووپات بكەینەوە و هەموومان بە گوڕ و تینەوە بەشداریی ئەم هەڵبژاردنە بكەین، ئەم هەڵبژاردنانە هیچ كەمتر نین لەو هەڵبژاردنانەی كە ئێمە لە هەرێمی كوردستان دەیكەین، ئەگەر گرنگتر نەبن.

ئەمڕۆ لە بەغدا گرانیی هەر حزبێك و پێگەی هەر حزبێك، سەیر دەكرێت بەوەی چەند جەماوەری هەیە، پێگەی جەماوەری ئەو حیزبە چەندە، ئێوە ئێمەتان سەربەرز كرد لە هەڵبژاردنەكانی كوردستان. پارتی بە ئێوەوە سەربەرز بوو، ئێوە پارتیتان جارێكی تر سەرخست، دەنگی پارتیتان بەرز كردەوە و هەشتسەد هەزار دەنگ بۆ پارتی لە كوردستان درا، قەدەری پارتی ئەمەیە، پارتی ئەو حزبەیە كە گەورەترین شۆڕشی كوردستانی هەڵگیرساند، پارتی ئەو حزبەیە، یەكەم دیكۆمێنت كە دان بە مافەكانی كورد دا دەنێت لە ساڵی 1970، لەسەر دەستی پارتی لە عێراقدا بە ئەنجام گەیشتووە. دەستووری هەمیشەییی عێراق ئەوەی كە ساڵی 2005 نووسرا، پارتی پشكی شێری بەركەوت لەوە. جەنابی سەرۆك بارزانی شەو و ڕۆژ بەشدار بوو لەو كۆبوونەوانە بۆ ئەوەی كە دەستوور بنووسرێتەوە. ئەگەر بە بیریشتان بێت كە جەنابی گەڕایەوە لە بەغدا، فەرمووی "هەموو تمووحی ئێمە لەم دەستوورەدا نییە، بەڵام بەشێكی زۆر تمووحی ئێمە، داواكاریی ئێمە لەم دەستوورەدا هەیە". لەبەر ئەوە ئەو كێشانەی ئەمڕۆ لەنێوان هەرێمی كوردستان و لە عێراقدا هەیە، زۆری لەسەر جێبەجێنەكردنی دەستوورە، سەدا هەشتای خەڵكی عێراق دەنگیان بەو دەستوورە داوە وەكوو بەڵگەنامەیەك كە ڕێگە نیشاندەرە بۆ ئێستا و ئایندەی عێراق.

هەرێمی كوردستان ئەم هەڵبژاردنانە بە دەرفەت دەزانێت، دوای ئەوەی عێراق لە شەڕی داعش تەواو بوو، سوپاس بۆ خوا كێشەی ناوخۆییش تاوەكو ڕادەیەكی زۆر ئێستا تەواو بووە، قۆناغی ئێستا كە دەستپێدەكات قۆناغی ئەوەیە كە دەبێت دەستوور جێبەجێ بكرێت. بۆ جێبەجێكردنی ئەو دەستوورە و مافەكانی كورد لەناو ئەو دەستوورە، دەبێت بە هێزەوە لە بەغدا بین. 

هەڤاڵان.. نابێت دوو دڵی بكەین، ئەم قۆناغە قۆناغێكی هەستیارە. سوپاسی هەمووتان دەكەم. ئێوە پارتیتان گەیاندە (800) هەزار دەنگ، بەڵام ئەم جارە تمووحمان ئەوەیە كە پارتی دەبێتە یەك ملیۆن دەنگ.

بەڵێ بۆ ئێمە، لە قوتابخانەیەكدا فێر بووین، سەرۆك بارزانی فێری كردووین كە پارتی ئامرازە و كوردستان ئامانجی هەموومانە. لەپێناو كوردستانێكی بەهێز، لەپێناو كوردستانێك كە بتوانێت وەڵامگۆی هەموو ئەو داواكارییانە بێت، ئەوانەی گەلی كوردستان هەیەتی، دەبێت پارتی زۆر بەهێز و تواناوە بنێرین بۆ پەرلەمانی عێراق و هەر كەسەمان لە شوێنی خۆی بە جددی كار لەسەر ئەوە بكات كە دەنگ بۆ پارتی كۆبكاتەوە. ئێوەی كادیرانی پارتی زۆر زەحمەتتان كێشاوە. لە كۆبوونەوەیەك پێش ئەوەی بێمە حزووری ئێوە، باسمان دەكرد كە بەڕاستی ئێوە ئەركێكی گەورەتان لەسەر شانە. من شەخسی خۆم هیچ وشەیەكم نییە بتوانم سوپاستان بكەم. دەزانم ئێوە كادیرانی پارتی و ئەندامان و لایەنگرانی پارتی، ئێوە كە دەستی پێدەكەن هیچ شتێك موستەحیل نییە، هەموو شتێك دەكرێت، تەنیا ئەوەیە تاوەكو ئێوە دەست پێبكەن.

پارتی بەهۆی كارەكانی ئێوەوە سەربەرزە، پارتی شانازی دەكات. ئێمە شانازی دەكەین كە كادیرانی وامان هەیە، شانازیی دەكەین بەوەی ئەم خەڵكەی ئێمە سەرەڕای هەموو ئەو زەحمەتانەی هەیانە لەڕووی ژیانەوە، لەڕووی بژێوی ڕۆژانەیانەوە، سەرەڕای هەموو ئەو ئاستەنگانە و ئەو ناخۆشییانە، كە دێتە سەر ئەوەی پارتی پێویستی پێدەبێت، هەموویان بۆ پارتی ئامادەن. ئێوە جێی سەربەرزین بۆ پارتی. ئێوە جێی سەربەرزین. خەباتی ئێوە لەم هەڵبژاردنانە هیچ كەمتر نییە لەو پێشمەرگەی كە لە ساڵی شەست و یەكەوە چەكی هەڵگرت و خەباتی كرد لەپێناو مافەكانی كوردستاندا، خەباتی ئێوە كەمتر نییە لەوە.

پارتی خاوەنی گەورەترین شانازیی مێژوویی هاوچەرخی كوردستانە و دەبێت هەر واش بمینێتەوە. هەڤاڵان من لە كۆبوونەوەی پێشتر یەك شتم باس كرد، حەز دەكەم لەگەڵ ئێوەش باسی بكەم. كە دێتە سەر باسی كێشەی كورد لە هەر شوێنێك، لە وڵاتانی دەوروبەر، لە بەغدا، كە بە جددی دێتە سەر ئەوەی باسی مافەكانی كورد بكرێت، دڵنیا بن پارتی بە خاوەن ماڵ دەزانن. پارتی لە هەر شوێنێك بێت، بێ ئەوەی منەتی هیچ شتێك بكات، ئاوەدانی هەیە. لە ماوەی ڕابردوو گوتمان، لەگەڵ بەڕێز پارێزگار قسەم دەكرد، گوتم "پەنا بەخوا ئاوێكی زۆر بۆ هەولێر هات، حكوومەتی هەرێم ئەوەی كرد و پەنا بەخوا ئاوەدانییەكی زیاتریش بۆ هەولێر دێت".

گەلی كوردستان بڕوانامەی ئاوەدانی و ئارامیی داوەتە پارتی، ئەو بڕوانامەیەمان لە گەلی كوردستان وەرگرتووە، لە مللەتی خۆمان وەرمانگرتووە، لەبەر ئەوە داوا دەكەم هەڵبژاردنێكی زۆر هێمنانە بەڕێ بكەن، هیچ حزبێك لە كوردستان ڕكابەری ئێوە نییە، ئێوە بەرپرسیارییەتییەكی گەورەترتان لەسەر شانە، خەمخۆری گەورەی شاری هەولێر پارتی بوو. من ناڵێم كەموكووڕی نییە، لە هەموو شوێنێك ئەگەر ئیش بكرێ، كەموكووڕییش دەبێت، بەڵام ئەگەر سەیری كاروانی ئاوەدانیی كوردستان بكەین، بەتایبەتی شاری هەولێر وەكوو نموونە بهێنینەوە، بەڕاستی ئەوەی پارتی لە هەولێر كردوویەتی كەم نییە. ئەوە جێی شانازیی هەموو ئەندام و لایەنگران و خەڵكی كوردستانە. دەبێت شانازیی پێ بكەین.

ئێستایش بە پشتیوانیی ئێوە، ئێمە مژدە دەدەینە خەڵكی كوردستان، مژدە دەدەینە هەولێر، پێیان دەڵێین ئەو ئاوەدانی و ئەوەی كە كراوە هیچ نییە لەچاو ئەوەی كە پەنا بەخوا حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە ئایندەدا بۆ شاری هەولێر و بۆ كوردستان دەیكات. كە باس دێتە سەر پێكەوەژیان، دیسانەوە پارتی بە نموونە دەهێنینەوە. هەڤاڵینە، ساڵی 2014 دوای شەڕی داعش، كێشەی گەورە لە عێراق دروست بوو، دوو ملیۆن ئاوارە و پەنابەری عێراقی ڕوویان كردە هەرێمی كوردستان، برا عەرەبەكانمان لە ئەنبار، لە فەللووجە، لە شوێنەكانی تر، زۆر بە شانازییەوە ئەوە بە قەڵەمی زێڕین لە لاپەڕەكانی مێژوو دەنووسرێتەوە كە چۆن خەڵكی هەرێمی كوردستان دەرگایان كردەوە بۆ ئەو لێقەوماوانەی كە هاتن، چ عەرەب، چ توركمان، چ مەسیحی، چ هەموو ئەوانەی تر، ئێزدی، كە ڕوویان كردە هەرێمی كوردستان. با ئەوەشتان پێ بڵێم ساڵی 2014 ئەو بڕیارە بڕیارێكی زۆر زەحمەت بوو: ئایا ئێمە ئەو بڕیارە بدەین ئەو خەڵكە بێت یان نا؟ گەورەترین كێشە پرسی ئەمنی بوو، بەڵام بڕیارمان دا، تا ئەو برا عەرەبانەشمان گەڕانەوە كە ئێستاش نزیكەی یەك ملیۆن ئاوارەی ناوخۆیی لە هەرێمی كوردستان هەیە، تا ئەوانەی كە گەڕانەوەش، یەك كێشەی ئەمنیمان نەبوو لە وڵات. ئەم پەروەردەیە لە كوێ سەرچاوەی گرتووە، ئەم پێكەوەژیانە لە كوێ سەرچاوەی گرتووە؟ ئەم پێكەوەژیانە سەرچاوەكەی بیر و هزر و سەركردایەتیی پارتی دیموكراتی كوردستانە.

حەز دەكەم ئەمڕۆ پێتان بڵێم ئەوانەی كە بێ هیوان لە پرۆسەی سیاسی لە عێراق، وەكوو پارتی هانیان بدەن، هانیان بدەن بۆ ئەوەی مافی خۆیان وەربگرن، چۆن؟ لە ڕێگەی سندووقی دەنگدان. عێراق ئەمڕۆ سەرەڕای زۆر كێشەی كە هەیەتی، پرۆسەی سیاسی لە عێراقدا، یەكلاكردنەوەی پرۆسەی سیاسی لە عێراق، لە ڕێی سندووقی دەنگدانەوە دەكرێت. لەبەر ئەوە هەر یەك لە ماڵی خۆمان، خۆمان و كەسوكارمان، پێویستە هەست بەو بەرپرسیاریەتییە بكەین و لە ڕۆژی دەنگداندا بەرەو سندووقی دەنگدان بچین و پەنا بەخوا بە پشتیوانیی خوای گەورە و هیممەتی هەمووتان، لیستی (275)ی پارتی دیموكراتی كوردستان سەربخەین.

پارتی لە ژینگەیەكی ئارامدا گەشە دەكات، لەبەر ئەوە بانگەشەی هەڵبژاردن دەبێت بە شێوەیەكی شارستانی و دوور لە كێشە بەڕێوە بچێت، چونكە من عەرزم كردن خاوەن قەزییە، ئێمەین. با ئەوەشتان پێ بڵێم، قەرزداری یەك شتیشین، قەرزداری یەك خاڵێكین لە هەڵبژاردنەكانی تر لە هەرێمی كوردستان، سوپاسێك قەردارم، ئەویش ئەوەیە كە ڕۆژی هەڵبژاردن بانگەشەیەكی گەورەی هەڵبژاردن لەلایەن پارتییەوە لەناو شاری هەولێر دەكرا، لە هەمان كاتدا لە شوێنێكی تری هەولێر بانگەشەی حزبێكی تر دەكرا بۆ هەڵبژاردن. لە هەمان كات و لە هەمان ساتدا، كە خەڵك لەو بڕوایەدا بوون كێشەی گەورە دروست دەبێت. با پێتان بڵێم، ئەوە لە هەر شوێنێك بووایە لەوانەیە كێشە دروست دەبوو، بەڵام چونكە لە هەولێر بوو، چونكە لەژێر سایەی ئێوە وەكوو تێكوشەران و خەباتكارانی پارتی بوو، تەنیا یەك كێشەش دروست نەبوو كە جێی دەساخۆشیی هەموو كونسوڵخانە و ئەو بیانییانە بوو لە كوردستان، هەموویان شاهێدی ئەو مەسەلەیە بوون كە تا ئێستاش شانازی پێوە دەكەین.

كە دەچنە هەڵبژاردن هەڤاڵینە.. بە هەموو كەسێك بڵێن، پێیان بڵێن: دەنگ بەرز كەنەوە، پێیان بڵێن "ناسنامەی پارتی كوردستانییە، كارەكانیشمان ئاوەدانییە"، ئەمەیە ناسنامەی ئێمە. ئەو دروشمەی كە هەڵیشمان گرتووە، ڕێبازی ئێمە ڕێبازی ئاشتییە، ڕێبازی پێكەوەژیانە، قۆناغی ئێستای ئێمەش، جێبەجێكردنی دەستووری عێراقە، ئەو دەستوور و مافەی كە حەقی خۆمانە وەك مللەت. هەوڵ دەدەین بە هەموو شێوەیەك لە ئایندە لە پەرلەمانی عێراقدا ئەو دەستوورە جێبەجێ بكرێت.

پارتی سەنتەری پرسی كوردە لە هەر شوێنێك بێت. هەڤاڵانی پارتی بۆ هەر شوێنێك دەچن، ئەوەیان بەبیر بێننەوە كە پارتی زامنی دەستكەوتەكانی گەلی كوردستانە لە بەغدا. ئەگەر پارتی نەبێت، ئەگەر پارتی بێ هێز بێت، كەواتە كوردستان بێ هێز دەبێت. ئەگەر پارتی بەهێز بوو لە بەغدا، كوردستان بەهێزە. لەبیرتان بێت هەڤاڵینە، بە شانازییەوە دەڵێم: من پارتیم، بەڵام با من وەكوو كوردێك پێتان بڵێم، بەبێ ئەوەی كە پارتیش بم، بە جددی وەك كوردێكیش ئەگەر بیر بكەمەوە، بیر لەوە دەكەمەوە ئەگەر بمانەوێت كوردستان بەهێز بێت لە بەغدا، دەبێت داكۆكی لەسەر ئەوە بكەینەوە كە دەبێت پارتی بەهێز بێت لە بەغدا. شانازی دەكەین بەوەی كە لەناو پارتی ئافرەتان خەریكە ڕۆڵی خۆیان دەبینن كە زۆر بە گوڕ و تینەوە دەستیان پێكردووە. ئەم دەستپێكردنەی ئافرەتان لەناو پرۆسەی سیاسی، لەناو پرۆسەی هەڵبژاردن بۆ پارتی زۆر زۆر گرنگە. لێرەوە داوا لە هەموو ئافرەتان و ژنانی كورد ئەوانەی كە لەگەڵ پارتین، داوایان لێدەكەم بەرپرسیاریەتیی خۆیان بزانن. بەو گوڕ و تینەی كە دەستیان پێكردووە، ئایندەیەكی گەورەیان لە پێشە لەناو پارتیدا. هەست بەو بەرپرسیاریەتییە بكەن و پەنا بەخوا پێكەوە شان بە شانی یەكتر لەم هەڵبژاردنانە بەشدار بن.

لە كۆتاییی قسەكانمدا داوا لە لاوان و گەنجانی كوردستانیش دەكەم، ڕووی قسەم لەوانە، پێیان دەڵێم: بۆ ئایندەیەكی گەشتر بۆ هەرێمی كوردستان، بۆ ئەوەی كوردستان ئاوەدان و سەربەرز بێت، ئێوە وەك گەنجان بڕۆنە سەر سندووقی دەنگدان، هەست بە بەرپرسیاریەتیی خۆتان بكەن. ئایندەی ئەم حیزبە لەدەست ئێوەدایە، ئایندەی ئەم وڵاتە لەدەست ئێوەدایە. پارتیبوون واتە بەرپرسیاریەتی، چونكە پارتی واتە بەرپرسیاریەتی، كەواتە پارتی ئەو حیزبەیە كە بەردەوام دەیەوێت ئارامی و سەقامگیری لەم وڵاتەدا هەبێت. گەنجان، هەڤاڵانی گەنجی پارتی، هەست بە بەرپرسیاریەتیی خۆیان بكەن و لە ڕۆژی دەنگداندا دیسانەوە بە گوڕ و تینەوە بەرەو سندووقی دەنگدان بچن و دەنگ بە لیستی پارتی دیموكراتی كوردستان بدەن.

لە بەغدا داوای یەكڕیزی لەگەڵ هەموو فراكسیۆنە كوردستانییەكان دەكەین، لە كوردستان داوای كاری هاوبەشی و پێكەوەیی دەكەین، بەڵام لە بەغدا داوای یەكڕیزییان لێ دەكەین. كورد دەبێت لە بەغدا یەكڕیز بێت بۆ مافەكانی خۆی، وەك پارتی ئەو داوایەمان هەیە. داوا دەكەین هەموو حیزبەكانی كوردستان لە بەغدا یەكڕیز بن، یەك هەڵوێست بن بۆ مافەكانی كوردستان، ئەوەش بەرجەستە دەكرێت بەوەی كە پارتی بە هێزەوە لە بەغدا بەشدار بێت.

هەڤاڵینە.. قۆناغێكی زۆر هەستیارە، قۆناغێكی گرنگە ئەم قۆناغەی كە لە پێشمانە، قۆناغی جێبەجێكردنی دەستووری عێراقە كە بۆ ئەو دەستوورە خەباتمان كردووە و ماندوو بووین. هەست بەو ئەركەی خۆتان بكەن، بەرپرسیاریەتییەكی گەورەیە، قۆناغێكی تابڵێی گرنگە. ئەم هەڵبژاردنە بە كەم مەزانن، هەر كەسێك بۆ هەر شوێنێك، گەڕەكێك، ماڵێك بەدوای دەنگێكدا بگەڕێن، بەڵێ، یەك دەنگ. هەموو جار ئەو قسەیەم كردووە و دووبارەی دەكەمەوە، یەك دەنگ بۆ ئێمەی پارتی زۆرە، تەنانەت پێویستیمان بە یەك دەنگیش هەیە، لەبەر ئەوە تكا دەكەم ڕۆژی دەنگدان بڕۆن یەك بە یەك لە دەرگای ماڵی خەڵك بدەن، دەنگ بۆ پارتی كۆ بكەنەوە، ئەم قۆناغەش پارتی سەرخەن، كورد سەرخەن.

ئەوەی كە ئەمڕۆ دەمەوێت ببینم، پەنا بە خوا هەموویان دەبن بە پشتیوانیی ئێوە، بە پشتیوانیی خودا دەردەچن و هەریەكەیان دەبن بە نوێنەرێكی ڕاستەقینە لە پەرلەمانی عێراقدا. بەڵێنی ئێمە هەموومان چییە؟ پەیمانی ئێمە ئەوەیە پێكەوە لە ڕۆژی دەنگدان بۆ سندووقی دەنگدان و بۆ ئەوەی كە لیستی (275)ی پارتی دیموكراتی كوردستان سەركەوێت، پەنا بەخوا. ئەو پەیمانە پەیمانی ئێمەیە بۆ خوێنی شەهیدانمان، بۆ خەباتی پێشمەرگەكانمان، بۆ ئەو كەسانەی شەونخونییان كردووە و ئێمەیان گەیاندۆتە ئەم ڕۆژە. بۆ ئەوانەی لە سایەی سەری ئەوانەوە ئێمە توانیمان دۆخێكی وا لە كوردستان دروست بكەین. دەنگدانە بۆ ئاشتی، دەنگدانە بۆ سەقامگیری، دەنگدانە بۆ گەشەسەندن، دەنگدانە بۆ كار و خزمەتگوزاری. كێ دەتوانێ ئەوە بكات، پارتی دیموكراتی كوردستانە.

ئەوەی دەنگ بە پارتی دەدا، دەنگ بە خەتێكی عەقڵانی دەدات بۆ ئەوەی كوردستان لە قۆناغێكەوە بەرەو قۆناغێكی تر ببات. دەبێت بەهێز بین بۆ ئەوەی بتوانین هەرێمی كوردستان لەم قۆناغە بۆ قۆناغێكی تر بگوازینەوە. بەغدا قووڵاییی ستراتیژیی ئێمەیە وەكوو هەرێمی كوردستان. لەبەر ئەوە ئەم هەڵبژاردنە هەڵبژاردنی زۆر گرنگن. پەنا بەخوا بە دەنگی ئێوە ئەم ئازیزانە سەردەكەون و دەچن بۆ پەرلەمانی عێراق.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل