لە هەولێر پڕۆژەیەكی گەورەی ئاوەڕۆ لە ڕێگەی كەركووك تا كەندی قەتەوی دروست دەكرێت، ئەم پڕۆژەیە یەكێكە لە پڕۆژە گرنگەكانی سێكتەری ئاوەڕۆ، بەمەبەستی كەمكردنەوەی مەترسییەكانی كۆبوونەوەی ئاو و لافاو لە هەولێر.
ئەمڕۆ چوارشەم 15ـی تشرینی یەكەم، وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار بڵاوی كردەوە، لە چوارچێوەی پلانی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار و فەرمانگە خزمەتگوزارییەكانی شارەكە، بۆ كەمكردنەوەی كاریگەری و ڕێگریكردن لە مەترسییەكانی لافاو، پڕۆژەیەكی گەورەی ئاوەڕۆ لە ڕێگەی كەركووك تا كەندی قەتەوی لە شاری هەولێر دروست دەكرێت.
باس لەوەش كراوە، ئەم پڕۆژەیە یەكێكە لە پڕۆژە گرنگەكانی سێكتەری ئاوەڕۆ، بەمەبەستی كەمكردنەوەی مەترسییەكانی كۆبوونەوەی ئاو و لافاو لە هەولێر، بە سەرپەرشتیی بەڕێوەبەرایەتیی ئاوەڕۆی هەولێری سەربە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ئاو و ئاوەڕۆی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار، جێبەجێ دەكرێت.
پڕۆژەكە پێكهاتووە لە دروستكردنی ئاوەڕۆیەكی سندووقی، لە شەقامی كەركووك نزیك شوقەكانی شەهیدانی گردەڕەشە تا كەندی قەتەوی. ئێستە كاركردن تێیدا زۆر بە باشی بەڕێوە دەچێت.